دەستەی ژینگە: کابینەی نۆ خزمەتێکی بەرچاوی بە کەرتی ژینگە کردووە

گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان خزمەتێکی بەرچاوی بە کەرتی ژینگە کردووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 19ـی ئۆکتۆبەری 2025، دکتۆر سەنعان عەبدوڵڵا، گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان، وردەکاریی یەکەم کۆبوونەوەی ئەمساڵی ئەنجوومەنی باڵای پاراستنی ژینگەی بۆ کوردستان24ـی ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا چەندان دەستکەوتی گرنگ خراونەتەڕوو، لەوانە کوژاندنەوەی سێ هەزا ر و 500 موەلیدەی ئەهلی و داخستنی 85 پاڵاوگەی نایاسایی.
گوتەبێژی دەستەی ژینگە ڕوونیکردەوە، کۆبوونەوەکە بە گوێرەی یاسای ژمارە هەشتی ساڵی 2008 بۆ پاراستن و چاککردنی ژینگە ئەنجامدراوە. تێیدا ڕاپۆرتێک لەبارەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و ئەو ڕێکارانەی بۆ پاراستنی ژینگە لە ساڵی 2024وە گیراونەتەبەر، خرایەڕوو.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، چەندان هەنگاوی کرداریی گرنگ نراون، لەوانە:
کوژاندنەوەی سێ هەزار و 500 موەلیدە: بەهۆی باشتربوونی دۆخی کارەبای نیشتمانی و فراوانکردنی پڕۆژەکان.
داخستنی 85 پاڵاوگە: کە بە شێوەیەکی نایاسایی کاریان دەکرد و ژینگەیان پیس دەکرد.
هاندانی وزەی پاک: پشتگیریکردنی هاووڵاتیان بۆ بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی دۆستی ژینگە و تەکنەلۆژیای نوێ بۆ کەرتی کشتوکاڵ و ئاودێری.
دروستکردنی پۆند و بەنداو: بۆ زیادکردنی سەرچاوەکانی ئاو و پاراستنی هاوسەنگیی ژینگەیی.
دکتۆر سەنعان عەبدوڵڵا جەختی لەوەش کردەوە، کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان خزمەتێکی بەرچاوی بە کەرتی ژینگە کردووە. ئاماژەی بە پڕۆژەی "پشتێنی سەوز"ی شاری هەولێر و باخچە و پارکەکان کرد، وەک یەکێک لە پڕۆژە ستراتیژییەکان بۆ باشترکردنی کوالێتیی هەوا.
گوتیشی: "بە گشتیی لەم کۆبوونەوەیەدا تاوتوێی چارەسەرکردنی پرسە ژینگەییەکانی هەرێمی کوردستانمان کردووە."