کالاس: سەرچاوەی وزەی ئەورووپا فرەچەشن دەکەین

بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا لەبارەی پشتبەستن بە وزەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، دەیانەوێت سەرچاوەی وزەی یەکێتیی ئەورووپا لەگەڵ هاوبەشی دیکە فرەچەشن بکەن.
کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق سەبارەت بە پرسیاری پەیامنێری کوردستان24ی لەبارەی ئەوەی یەکێتیی ئەورووپا دوای هەناردە کردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان پشت بە وزەی هەرێم دەبەستێت، ڕاگەیاند، بە دڵنیایەوە دەیانەوێت سەرچاوەی وزەی یەکێتیی ئەورووپا لەگەڵ هاوبەشی دیکە فرەچەشن بکەن.
بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا ڕوونیشی کردەوە، بەهۆی ئەوەی وزە لە یەک سەرچاوە وەردەگرن، باجێکی زۆریان داوە، بۆیە بە دڵنیایەوە بەدوای هاوبەشی دیکە دەگڕێن.
لە باری پرسی پەنابەران کایا کالاس گوتی: "لەگەڵ فوئاد حوسێن گفتوگۆ لەبارەی هەماهەنگییەکانمان دەکەین سەبارەت بە پرسی کۆچبەران، تاوەکوو بزانین دەتوانین چی بکەین. کاتێک دێینە سەر کەمپەکانی داعش هەردووکمان هەمان نیگەرانیمان هەیە، ئەو بابەتە پەیوەندیدارە بە پرسی ئاسایشی ناوچەکە و یەکێتیی ئەورووپاش"