تەرمی نەجمەدین کەریم "بە ئەمانەت" لە هەولێر دەنێژرێت
دوو وەسیەتی کردووە
K24 - هەولێر
نەجمەدین کەریم، پارێزگاری کەرکووک بەرەبەیانیی ئەمڕۆ بە کاتی هەولێر، لە ئەمەریکا بەهۆی جەڵتەی مێشک گیانی لەدەستدا، کوردستان24 شوێنی ناشتنی تەرمەکەی "بەئەمانەت" ئاشکرا دەکات.
نووسینگەی نەجمەدین کەریم بە کوردستان24ـی راگەیاند "تەرمی نەجمەدین کەریم دەگەڕێندرێتەوە کوردستان و لەسەر وەسیەتی خۆی بەئەمانەت لە هەولێر دەنێژرێت تاوەکو ئەو کاتەی کەرکووک ئازاد دەکرێت".
نووسینگەکەی لە راگەیەندراوی کۆچی دوایی نەجمەدین کەریمدا، دوو وەسیەتی ئاشکرا کردووە، یەکێکیان ئەوەیە: دوای ئەوەی کەرکووک ئازاد دەکرێت و لەژێر ئەمنییەت وئارامیی هێزەکانی پێشمەرگە دەبێت، تەرمەکەی لە کەرکووک دەنێژرێت. هەروەها وەسیەتەکەی دیکەی پەیوەندی بە پرسەکەیەوە هەیە، کە بەهۆی کۆرۆنا، داوای کردووە پرسەی بۆ دانەنرێت.

هـ.ر.