تورکیا هەوڵی چارەسەری جەنگ ئۆکرانیا دەدات

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، بە نیازە لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپادا، ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ پێشکەشکردنی هەموو جۆرە پشتیوانییەک بە مەبەستی چارەسەرکردنی جەنگی ئۆکرانیا، دووپات بکاتەوە.
بەگوێرەی سەرچاوەکانی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، بڕیارە فیدان لە ڕۆژی 20 تشرینی یەکەمدا بەشداری لە کۆبوونەوەی وەزیرانی یەکێتیی ئەورووپا لە لۆکسمبۆرگ بکات و وتارێکیش لە دانیشتنێکی تایبەت بە ئاسایشی دەریای ڕەش پێشکەش بکات.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، "چاوەڕوان دەکرێت وەزیرەکەمان ئامادەیی تورکیا بۆ پێشکەشکردنی هەموو جۆرە پشتیوانییەک دەرببڕێت، تا لە زووترین کاتدا کۆتایی بە جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا بهێنرێت و ئاشتییەکی دادپەروەرانە و بەردەوام بچەسپێت."
پێشتر فیدان لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵێکی تورکی ئاماژەی بەوە دابوو کە ئەنقەرە پێشبینی دەکات تا کۆتایی ساڵی 2025 پێشکەوتن لە چارەسەرکردنی جەنگی ئۆکرانیادا بەدی بێت.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا، فیدان جەخت لە پابەندبوونی توندی تورکیا بە ڕێککەوتننامەی مۆنترۆ 1936دەکاتەوە، کە کاروباری کەشتیوانی لە گەرووەکانی دەریای ڕەشدا ڕێکدەخات. تورکیا لەگەڵ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا، بە پشتبەستن بە ماددەی 19ـی ڕێککەوتننامەکە، گەرووەکانی بۆسفۆر و دەردەنیلی بە ڕووی کەشتییە جەنگییەکانی لایەنە ناکۆکەکان و وڵاتانی دیکەدا داخست، ئەمەش بە ئامانجی ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی گرژییەکان لە دەریای ڕەشدا.