وەزیری ناوخۆی تورکیا لە دیاربەکر نوێترین پێشهاتەکانی پرۆسەی ئاشتی ڕادەگەیەنێت

وەزیری ناوخۆی تورکیا (وێنە: AA)
وەزیری ناوخۆی تورکیا (وێنە: AA)

وەزیری ناوخۆی تورکیا لە سەردانێکیدا بۆ دیاربەکری باکووری کوردستان، نوێترین پێشهاتەکانی پەیوەست بە پرۆسەی ئاشتی ڕادەگەیەنێت.

ئەمڕۆ دووشەممە، 20ی ئۆکتۆبەری 2025، عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا، سەردانی شاری دیاربەکری باکووری کوردستان دەکات. ئامانجی سەرەکی ئەم سەردانە سەرپەرشتیکردنی کۆبوونەوەیەکی ئەمنیی گرنگە بە ناونیشانی "ئاسایش و ئاشتی". 

بە گوێرەی میدیاکانی تورکیا، بڕیارە دوای کۆبوونەوەکە، وەزیری ناوخۆ لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وردەکاری و هەنگاوەکانی بەڕێوەچوونی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا بۆ ڕای گشتی ڕابگەیەنێت و سەرنج بخاتە سەر دوایین پێشهاتەکانی ئەم پرۆسەیە و ئاسایش و ئارامی ناوچەکە.

پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا پەرەسەندنێکی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە، بەتایبەت دوای بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە 27ی شوباتی ئەمساڵ. لە وەڵامی ئەم بانگەوازەدا، پەکەکە کە پێشتر بڕیاری چەکدانانی دابوو، لە 11ی تەمموزی 2025 لە ڕێوڕەسمێکدا 30 ئەندامی خۆی (15 ژن و 15 پیاو) چەکەکانیان سووتاند.

 ئەم ڕێوڕەسمە لە بەردەم ئەشکەوتی جاسەنە لە سنووری شارۆچکەی دوکان لە پارێزگای سلێمانی و بە بەشداری میدیا جیهانییەکان ئەنجامدرا. لەو ڕێوڕەسمەدا، ڕاگەیاندراوێکی پەکەکە، کە بە واژۆی "گرووپی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی" بە هەردوو زمانی کوردی و تورکی نووسرابوو، خوێندرایەوە.

لە یەکەم لێدوانیدا دوای ئەم هەنگاوەی پەکەکە، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە)، پێشوازی لە بڕیارەکە کرد و ڕایگەیاند: "سەرکردایەتی پەکەکە بەڵێنی خۆیان بردەسەر، پابەندییەکەیان پاراست، هەڕەشە جیهانی و هەرێمییەکانیان لە کاتی خۆیدا بینی. بەڕاستی ئەمە هەنگاوێکی گرنگی تورکیا و ناوچەکەیە."

لە 5ی ئابی 2025، لیژنەیەکی تایبەت لە پەرلەمانی تورکیا پێکهێنرا بە ئامانجی چاودێریکردن و بەشداریکردن لە پرۆسەی ئاشتی و دانانی چەکی پەکەکە. ناوی ئەم لیژنەیە بە "لیژنەی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی" دیاریکرا و لە یەکەم کۆبوونەوەیدا 12 خاڵی تایبەت بە ڕێکار و بنەماکانی کارکردنی لیژنەکە بە کۆی دەنگ پەسەند کران.

لە 8ی ئابی هەمان ساڵدا، لیژنەکە دووەم کۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدا، کە تێیدا عەلی یەرلیکایا وەزیری ناوخۆ، یاشار گولەر وەزیری بەرگری تورکیا، و ئیبراهیم کاڵن سەرۆکی دەزگای هەواڵگری (میت)، زانیاری گرنگیان سەبارەت بە پرۆسەی دانانی چەکی پەکەکە خستەڕوو.

سەرەتا لیژنەکە بە 51 ئەندام دیاریکرابوو بۆ ئەوەی نوێنەرایەتی تەواوی پارتە سیاسییەکانی پەرلەمانی تێدا بێت، بەڵام بەهۆی بەشدارینەکردنی ئییی پارتی، لیژنەکە بە 48 ئەندام دەستی بە کارکردن کرد. دواتر، بە پێشنیازێک کە پێشکەشی نوعمان کورتوڵمووش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، کرا و پەسەند کرا، ئەو سێ کورسییەی پارتی ئییی بەسەر پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)، پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) و پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) دابەشکران.

بەپێی ئەو دابەشکردنە نوێیە، جاهید ئۆزکان، پەرلەمانتاری دەنیزلی و جێگری پێشووی سەرۆکی فراکسیۆنی ئاکپارتی، و ئوموت ئاکدۆغان، پەرلەمانتاری ئەنقەرە لە جەهەپە، و جەلال فراتی لە دەم پارتی، بۆ ئەندامێتی لیژنەکە دەستنیشان کران.

 
Fly Erbil Advertisment