سوپای ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر غەززە ڕادەگرێت

ئەندامانی حەماس بە دوای تەرمی بارمتە ئیسرائیلییەکاندا دەگەڕێن
ئەندامانی حەماس بە دوای تەرمی بارمتە ئیسرائیلییەکاندا دەگەڕێن

سوپای ئیسرائیل بڕیاری دا هێرشەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە ڕابگرێت، پاش ئەوەی لە تۆڵەی کوژرانی دوو سەربازیدا، دوێنێ، یەکشەممە، هێرشی ئاسمانی کردە سەر باشووری کەرتەکە و 45 هاووڵاتی فەڵەستینی کوشت.

دووشەممە، 20ـی تشرینی یەکەم 2025، پێگەی هەواڵی مۆنتکارلۆی نێودەوڵەتی، ڕایگەیاند "سوپای ئیسرائیل بڕیاری ڕاگرتنی هێرشەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە دا و گەیاندنی هاوکارییەکانیش بۆ کەرتەکە بەردەوامە. هێرشەکەی دوێنێی سوپای ئیسرائیل، هەرەشەیەکی گەورە بوو بۆ سەر ڕێککەوتنی ئاگربەستی غەززە لە نێوان حەماس و ئیسرائیل."

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە وەڵامی ڕۆژنامەنووساندا گوتی: ئاگربەستی غەززە هێشتا بەردەوامە و سەرکردایەتیی حەماس لە پێشێلکردنی ئاگربەستەکە بەرپرسیار نین، بەڵکو هەندێ کەسی یاخیی ناو بزووتنەوەکە ئەو کارەیان کردووە.

ترەمپ، هەروا گوتی: هەرچۆنێک بێت، وەڵامی ئەو پێشێلکارییانە بە توندی و بەگوێرەی پێویست دەدرێتەوە.

دوێنێ، حەماس و ئیسرائیل یەکتریان بە پێشێلکردنی ئاگربەستەکە تۆمەتبار  کرد، دوای ئەوەی پاش هەشت ڕۆژ ئارامی، پێکدادان لە نێوانیاندا سەری هەڵدا.

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، فەرمانی بە هێزە ئەمنییەکانی وڵاتەکەی دا "بەتوندی بەرەنگاری تیرۆریستان ببنەوە" و بزووتنەوەی حەماسی بە پێشێلکردنی ئاگربەست تاوانبار کرد.

عزەت ڕەشق، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حەماس، پابەندبوونی بزووتنەوەکەی بە ئاگربەستەکە ڕاگەیاند و گوتی ئێمە ئاگەداری پێکدادانەکانی ڕەفح نین و ئەوە ئیسرائیلە کە ئاگربەستەکەی پێشێل کردووە.

یەکشەممە، کەناڵی 12ـی تەلەڤزیۆنی ئیسرائیل، ڕایگەیاند "چەکدارانی حەماس تەقەیان لە ئۆتۆمبیلێکی سوپای ئیسرائیل لە ڕەفح کردووە و سوپای ئیسرائیلیش بە تەقە وەڵامی داونەتەوە."

کەناڵەکە هەروا ڕاشیگەیاند: ئەمە یەکەمجار نییە، حەماس ئاگربەستەکە پێشێل دەکات. 

 

 
Fly Erbil Advertisment