کاندیدانی پارتی: لەم خولەی پەرلەمان کار بۆ دەستەبەرکردنی ماف و شایستە داراییەکانی پێشمەرگە دەکەین
یەکێک لە کارنامە سەرەکیەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەران، دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی ھێزەکانی پێشمەرگەیە ھاوشێوەی سوپای عێراق.
کاندیدانی ئەو حزبەش ڕایدەگەیەنن لە چوارچێوەی یاسا و دەستوور لە خولی داھاتوو کاردەکەین بۆ بەدەست ھێنانی ماف و شایستەکانی پێشمەرگە، لەبەر ئەوەی پێشمەرگە بەشێکە لە ھێزی بەرگری عێراق.
بەشێک لە کارنامەی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ خولی شەشەمی پەرلەمان پێداگریكردنە لەسەر بەدەست ھێنانی ماف و شایستە دارایەکانی ھێزی پێشمەرگە، دەیەوێت ماف و شایستەکان تەنھا لە چوارچێوەی یاسا و مەرەکەبی سەر کاغەز نەبن، کاندیدانی لە خولی شەشەم جێبەجێکاری کارنامە کە دەبن و دەیانەوێت ماف و شایستەی پێشمەرگە دابین بکرێت.
خەلیل خۆشناو، کاندیدی پارتی لە ھەولێر بە کوردستان24ـی گوت: دەبێت سکاڵا لەو کەس و لایانەنە بکرێت کە ماف و شایستە داراییەکانی پێشمەرگە پیشێل دەکەن و نایدەن، گوتیشی: پێشمەرگە بەشێکە لە سیستەمی بەرگریی عێراق، هەورەها لەناو دەستووری عێراق باسی لێوەکراوە.
لەگەڵ تێپەربوونی ھەر یاسایەکی بودجە لە ماددەیەکیشی ماف و شایستەی ھێزەکانی پێشمەرگە جێگیر کراوە، بەڵام ھیچ کاتێک بەغدا ئامادە نەبوە ماف و شایستەی وەک مووچە و پر چەککردن و پێداویستی مەشق و راھێنانیشی دابین بکات، لەلایەکی دیکەش رێگریش دەکات ھاوپەیمانان بە چەکی پێشکەوتوو قورس ھێزەکانی پێشمەرگە پر چەک بکات.
چارەسەری تەواوی کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا بە ھێزەکانی پێشمەرگەشەوە پەیوەستە بە پابەند بوون بە دەستوور جێبەجێکردنی یاساکان وەک خۆیان.
فەرھاد خەیات، کاندیدی پارتی لە ھەولێر گوتی: یاسا گرنگەکان لە پەرلەمان ئەوەیە تاوەکوو ئێستا چالاک نەکراوە، دەبێت یەنجوومەنی نوێنەران، ئەنجوومەنی فیدراڵی هەبێت، کە ئەو ئەنجوومەنە تایبەتە بە هەرێمەکان و پاراستنی یاسا نیشتمانییەکان، بۆیە ئەگەر ئەو ئەنجوومەنە چالاک بکرێت، ئەوە هەموو مافەکانی پێشمەرگە وەکوو مافەکانی سوپای عێراقی لێدێت و ئێمەش دەتوانین پارێزگاریی لەو مافانە بکەین و بۆیان دەستەبەر بکەین.