پشتێنەی سەوزایی هەولێر، پاککردنەوەی ژینگە و دابینکردنی هەلی کار
قۆناغی یەکەمی پرۆژەی پشتێنەی سەوزایی هەولێر، لە کۆتاییدایە و لە دوو ڕۆژی داهاتوودا دەست بە ناشتنی نەمامەکان دەکرێت.
هەردی سیوەیلی، ئەندازیار و ڕاوێژکاری کۆمپانیای جێبەجێکاری پرۆژەی پشتێنەی سەوزایی هەولێر، بە شەیما بایز، پەیامنیری کوردستان 24ـی گوت: ئەم پرۆژە ستراتیجییە، جگە لە زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی شاری هەولێر و پاککردنەوەی هەوا و ژینگە، لە داهاتوودا دەبێتە پرۆژەیەکەی بەرهەمهێن.
سیوەیلی گوتیشی: قۆناغی یەکەمی پرۆژەکە بریتییە لە پاککردنەوەی زەوییەکە و دروستکردنی پەرژین و هەڵکەندن و دانانی بۆرییەکانی ئاو، کە بە خۆشییەوە هەموو ئەوانە جێبەجێ کراون و لە دوو ڕۆژی داهاتوودا دەست بە ناشتنی نەمامەکان دەکەین.
ئەندازیار و ڕاوێژکاری پرۆژەی پشتێنەی سەوزایی هەولێر، ئاماژەی بە دەستی کاری ناوخۆیی لە جێبەجێکردنی پرۆژەکەدا کرد و گوتی: نزیکەی لە %98 کرێکاران و تەکنیکییەکانی پرۆژەکە، خەڵکی کوردستانن.
ئەو، سەبارەت بە تۆپۆگرافیی ناوچەکە گوتی: ناوچەکە تۆپۆگرافییەکی سروشتیی جوانی هەیە، ئێمە دەستکاریی ئەوەمان نەکردووە و هەوڵمان داوە ئەوەندەی بتوانین سروشتی ناوچەکە بپارێزین. هەروەها ئەو ڕێڕەوە ئاوییانەی دەکەونە ناو سنووری ئەم پرۆژەیەوە دەستکاری نەکراون و دەکرێت لە داهاتوودا وەکوو پۆند بەکار بهێنرێن.
هەردی سیوەیلی، گوتیشی: بۆ ئاودانی پرۆژەکە، سەرەتا سوود لەو بیرانە وەردەگرین کە لە ناوچەکەدان و شێوازی ئاودانەکەش ئۆتۆماتیکییە و پێویست بە ڕێژەیەکی زۆر ئاو ناکات. لە قۆناغی یەکەمدا نەمامی زەیتوون دەنێژین و پاشتر نەمامی فستقیش دەنێژین.
بێگومان پاش چەند ساڵ، ئەو دارانە دێنە بەر و بەرهەمەکانیان سوودێکی ئابووریی زۆریان دەبێت. جگە لەوەش، هەلی کار بۆ ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیان دابین دەکات.
پرۆژەی پشتێنەی سەوزایی هەولێر، هاوشان لەگەڵ پرۆژەی ڕووناکی و دابینکردنی تۆڕی ئاوی خواردنەوە، یەکێکە لە پرۆژە ستراتیجییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.