هێزی ئاسمانیی عێراق خراپترینی جیهانە

گۆڤاری 'سیۆ وۆرڵد'ـی ئەمەریکی ڕیزبەندی توانای هێزی ئاسمانی وڵاتانی بۆ 2025 بڵاوکردەوە کە عێراق لە پلەکانی کۆتایی جیهانیدایە.

گۆڤاری 'سیۆ وۆرڵد'ـی ئەمەریکی بڵاویکردووەتەوە، ڕیزبەندیەکە لەسەر بنەمای پێوەرەکان کراوە، کە بریتین لە ژمارەی فڕۆکە جەنگییەکان، گواستنەوە و ڕاهێنان، ئەمە جگە لە توانا تەکنەلۆژییەکان و ئاستی ئامادەیی.

ئاماژەی بەوەشداوە، ئەمەریکا لە ڕیزبەندی بەهێزترین وڵاتانی جیهاندایە لە ڕووی هێزی ئاسمانییەوە، کە پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە، بە کۆکردنەوەی 97 خاڵ لە کۆی 100 خاڵ، هەروەها ڕووسیا بە کۆکردنەوەی 94 خاڵ پلەی دووەمی بەدەستهێناوە، پاشان هیندستان بە کۆکردنەوەی 93.5 خاڵ پلەی سێیەمی بەدەستهێنا، چینیش بە کۆکردنەوەی 93 خاڵ پلەی چوارەمی بەدەستهێناوە و ژاپۆنیش بە کۆکردنەوەی 91 خاڵ پلەی پێنجەمی بەدەستهێنا.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، سعوودیە لە پلەی یەکەمی ڕیزبەندی وڵاتانی عەرەبیدایە و بە کۆکردنەوەی 57 خاڵ لە پلەی سێزدەیەمی جیهاندایە، میسر بە کۆکردنەوەی 56.05 خاڵ لە پلەی دووەمی عەرەبیدایە و دواتر جەزائیر بە 56 خاڵ، ئیمارات بە 51 خاڵ و ئوردنیش بە 49 خاڵ پلەکانی سێیەم و چوارەم و پێنجەم دێن.

لە ڕیزبەندی دواتریشدا، مەغریب بە کۆکردنەوەی 34 خاڵ، کوێت بە کۆکردنەوەی 32.86 خاڵ، قەتەر بە 32 خاڵ، عومان بە 27 خاڵ، عێراق بە کۆکردنەوەی 16 خاڵ لە پلەی 74ی جیهانیدا، یەمەن بە 13 خاڵ، سووریا بە 11 خاڵ پلەکانی کۆتاییان گرتووە.

سەرەڕای ئەم پۆلێنکردنە، هێزی ئاسمانی عێراق بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی تواناکانی و پەرەپێدان و کەرەستە مۆدێرنەکان، ئەمەش لە چوارچێوەی پلانێکە کە ئامانج لێی بەرزکردنەوەی ئامادەیی بەرگری و پاڵپشتیکردنی ئاسایشی نیشتمانییە لە ژێر ڕۆشنایی پەرەسەندنی ئالنگارییەکانی ناوچەییدا.

 

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment