دەقی گوتاری مەسرور بارزانی لە کەرنەڤاڵی بانگەشەی پارتی لە هەولێر

ئەمڕۆ دووشەممە، 20ـی تشرینی یەکەمی 2025، مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەشداریی لە ئاهەنگی بانگەشەی لیستی 275ی پارتی لە هەولێر كرد.
مەسرور بارزانی لە گوتارێكدا كە لە كەرنەڤاڵەكەدا پێشكەشی كرد، دووپاتی کردەوە "سەرەڕای ئەو هەموو قەیرانانەی بۆ ئێمە دروست كرا و ئەو هەموو پیلانەی كە لە ناوخۆ و لە دەرەوە دژی ئێمەیان گێڕا، بەڵام ئێمە بە پڕۆژە وەڵاممان و دەستكەوت وەڵاممان دانەوە."
ئەمەش دەقی گوتارەکەیە:
بە ناوی خودای گەورە و میهرەبان
جەماوەری تێكۆشەری پارتی
دڵسۆزانی رێبازی بارزانی
زۆر خۆشحاڵم كە لەگەڵتان ئامادەم، بەخێرهاتنێكی گەرمی هەموو لایەكتان دەكەم، بەخێربێن سەرسەر و سەرچاوان.
با بەیەكەوە بەخێرهاتنێكی گەرمی كاندیدەكانیشمان بكەین، زۆر بەخێر بێن. با بەیەكەوە خۆمان ئامادە بكەین بۆ هەڵبژاردنێكی تر و بۆ سەركەوتنێكی تری گەورە بۆ لیستی ٢٧٥ی پارتی دیموكراتی كوردستان.
ئەم هەڵبژاردنانە بۆ ئێمە وەكوو هەموو هەڵبژاردنێكی تر گرنگە، چونكە ئەمجارە دەمانەوێت لەسەر ئاستی عێراق بەرگریی لە مافە دەستوورییەكانی هەموو خەڵكی عێراق، بە تایبەتی هەموو دانیشتوانی هەرێمی كوردستان بكەین، ئەمجارە ئەم هەڵبژاردن بۆ ئەوەیە كە كاندیدەكانی ئێوە بچن بۆ بەغدا و لەوێ داكۆكی لە دەستەبەركردنی هەموو مافە دەستوورییەكانی ئێمە بكەن. بۆیە زۆر زۆر گرنگە هەموومان بەشدارییەكی كارا لەم هەڵبژاردنەدا بكەین، هەموومان بچینە سەر سندووقی دەنگدان، هەم خۆمان و كەسوكارەكانمان و دۆست و ناسیارەكانمان هان بدەین، ئەمجارە بچین بۆ دۆست و ناحەزان پێشان بدەین كە هێزی پارتی چییە، نەك تەنیا لە هەرێمی كوردستان، بەڵكوو لە هەموو عێراقدا.
پارتی بێگومان گەورەترین و بەهێزترین حزبە لەسەر ئاستی كوردستان، بەڵام دەمانەوێ بیسەلمێنین كە لەسەر ئاستی عێراقیش پارتی بەهێزترین پارتی سیاسییە ئەمڕۆ كە لەم گۆڕەپانەی كوردستان و هەموو عێراقدا هەیە.
زۆر گرنگە ئەمجارە دەستكەوتێكی گەورە بەدەست بهێنین، بۆ ئەوەی دڵی دۆستەكانمان خۆش بكەین، ئەوانەی بیر لە ئازاردانی كوردستان و داگیركردنی كوردستانیش دەكەنەوە، بزانن كە هیچ هێزێك نییە بیر لە داگیركردنی كوردستان بكاتەوە تاكوو پارتی لێرەیە.
هەر بەم بۆنەیەوە دەمەوێ پیرۆزبایی 20ی ئۆكتۆبەر لە هەموو نیشتمانپەروەران، لە پێشمەرگە قارەمانەكان، لە ئێوەی بەڕێز و خۆشەویست بكەم، ئەمڕۆ رۆژی داستانی پردێیە، لە هەمووتان پیرۆز بێت. ئەمڕۆ ساڵڕۆژی بیرهێنانەوەی ئیرادەی نەتەوەییمانە كە چۆن بڕیاری خۆڕاگری، بڕیاری بەرگریكردن لە ماف و كەرامەتی هەرێمی كوردستان و خەڵكی كوردستان، بەرامبەر بە خائینان و داگیركەران سەركەوت. چۆن لەو ڕۆژەدا بە رۆحیەتێكی ئازا و پێشمەرگەئاسا هەموومان لەگەڵ خوشك و براكانمان وەستاین، لەگەڵ پێشمەرگە قارەمانەكانمان وەستاین، ئەمڕۆش دەبێ جارێكی تر، ئەمجارە بە دەنگی خۆمان، لەگەڵ ئەم خوشك و برایانەمان بوەستین بۆ ئەوەی ئەم شەڕە ببەینەوە و لە بەغدا بەرگریی لە مافەكانمان بكەن.
خوشك و برایان:
گرنگە ئێمە بەشداریی لەم هەڵبژاردنانەدا بكەین، چونكە جارێكی تریش دووبارەی دەكەمەوە، ئەگەر ئێمە بەشداریی لەو دەنگدانەدا نەكەین، خەڵكێكی تر لە جیاتی ئێمە دەنگ دەدات و ئەگەر پارتی لە شوێنێك نەبێت، مرۆڤ دڵنیا نییە هیچ لایەنێكی تر هەبێت وەكوو پارتی بتوانێت بەرگریی لە مافەكانی خەڵكی كوردستان بكات.
ئێمە بەشدار بووین لە نووسینەوەی دەستوور و بڕوامان وابوو كە هەموو خاڵێكی دەستوور وەكوو خۆی جێبەجێ دەكرێت، بەڵام بەداخەوە مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان پێشێل كران و زۆر لەو لایەنانەی كە پێمانوابوو پشتیوانمان دەبن، یارمەتیدەرمان دەبن، هاوپەیمانمان دەبن، بە هیچ جۆرێك بەرگرییان لە مافی خەڵكی كوردستان نەكرد، هەتا ئەوانەی لە هەرێمی كوردستان بە ناوی نوێنەرانی راستەقینەی خەڵكی كوردستان ویستیان بچن لە بەغدا نوێنەرایەتیی خەڵكی كوردستان بكەن، جگە لە پارتی، هیچ لایەنێكی تر وەكوو پێویست بەرگرییان لە مافی ئێوە نەكرد.
بۆیە ئەمجارە پێویستە ئێمە بچینە بەغدا، ئەمجارە بۆ هیچ كەسێكی تر بەجێی ناهێڵین، ئەمجارە خۆمان دەچین بەرگریی لە مافەكانمان دەكەین و لەوێ رێگە نادەین كەسێك بە هاووڵاتیی پلە دوو سەیری هاووڵاتیانی كوردستان بكات، ئێمە شەریكی راستەقینە دەبین لەم وڵاتەدا. قەت قەبووڵمان نەكردووە پاشكۆ بین، لەمەودواش بە هیچ جۆرێك قەبووڵ ناكەین پاشكۆ بین، قەبووڵ ناكەین كەسی تر بڕیار لە جیاتی ئێمە بدات، ئەمجارە خۆمان بڕیار لە چارەنووسی خۆمان دەدەین، خۆمان بڕیار لە هەموو مافە دەستوورییەكانی خۆمان دەدەین، بۆ خەڵكی تر بەجێی ناهێڵین. ئەمجارە نوێنەرانی ئێوە، خوشك و برایانی ئێوە، كچ و كوڕانی ئێوە دەچنە بەغدا و لەسەر تاك بە تاكی خاڵە دەستوورییەكان پێداگریی دەكەن بۆ ئەوەی هەمووی وەك خۆی جێبەجێ بكرێت.
گرنگە ئێمە ئەمجارە بەشدار بین، چونكە بینیمان پێشتر چی كرا، لەسەر ئاستی ناوخۆ دژایەتیی زۆری ئەم حكوومەتە كرا، ئەم حكوومەتە درێژەپێدەری حكوومەتە سەركەوتووەكانی هەرێمی كوردستان بووە كە لە لایەن پارتی سەرپەرشتی دەكرا، بۆ ئەوەی نەهێڵن پارتی سەربكەوێت، لایەن هەبووە باكی بەوە نەبووە كوردستانیش زەرەر بكات تەنیا بۆ ئەوەی پارتی بشكێت. بەرنامەیان دادەڕشت چۆن ئەم حكوومەتە تووشی شكست بێ، لە حكوومەت كشانەوە، رێگريان كرد لە سەركەوتنی پرۆژەكان، دروستكردنی هاوپەیمانی لەگەڵ لایەنەكانی تر، بەس بۆ ئەوەی رێگە لە پارتی بگرن، ئامادە بوون هەموو مافەكانی كوردستانیش پێشێل بكرێن، پارتی ئەمجارە بە هیچ جۆرێك قبووڵ ناكات هیچ مافێكی خەڵكی هەرێمی كوردستان بە هەموو پێكهاتەكانەوە پێشێل بكرێت.
بەڵام خوشك و برایان، ئەوەش بزانن، دەبێت ئێوە شانازیی بە خۆتانەوە بكەن، چونكە دۆست و ناحەز كە سەیری كوردستان دەكەن، سەیری پارتی دەكەن، دەزانن ئەگەر پارتی سەركەوت، كوردستان سەردەكەوێت، ئەگەر خوانەخواستە پارتی بشكێت، پێیانوایە دەتوانن كوردستان بشكێنن كە ئەمە گەورەترین سەنەدە، گەورەترین شانازییە بۆ هەموو پارتییەك كە ئێستا ناوی پارتیبوون و كوردستانیبوون هاوتای یەكە.
بەڕێزان
ئێوە نەتانهێشت پیلانەكانیان سەربگرێت، كە پێشتر گوتمان ناتوانن، چونكە دەمانزانی هێزی ئێوەمان لەگەڵە، پشت و پەنای ئەم حزبە ئێوەن، ئێوە دەتوانن پارتی سەربكەوێ، ئێوە دەتوانن رێگریی لە پیلانی ناحەزان بكەن، ئێوە دەتوانن بە ناحەزان و هەموو دوژمنانی كورد و كوردستان و بە دوژمنانی پارتی بڵێن كە ناتوانن بمانوەستێنن.
لەسەر ئاستی عێراقیش، زۆر ڕێگری كرا، ڕێگری كرا لە سەرخستنی پرۆژەكانی ئێمە لە كوردستان، لە پێشكەوتنی كوردستان، لە پێشێلكردنی مافە دەستوورییەكانمان، بینیمان لەو ماوەیە ئەوەی پێیان كرا كردیان، چونكە چاویان بە سەركەوتنەكانی كوردستان هەڵنەدەهات، پەرلەمانیان هەڵوەشاندەوە، بڕیاری دادگاییان دژ بە هەرێمی كوردستان دەركرد، هەناردەكردنی نەوتی كوردستانیان وەستاند، بودجەیان بڕی، مووچەیان نەنارد، هەمووی بەو ئاواتەی كە بتوانن كوردستان لە پێشكەوتن رابگرن، بەڵام پشت بە خوا و بە هێز و ئیرادەی ئێوە، نەیانتوانی و ناشتوانن.
بێگومان سەرۆك بارزانی رێبەرمان بی، پارتەكەمان هەر پێشڕەو دەبێ. ئەمجارە تەنیا بەرگریی لە مافەكانی خۆمان ناكەین، ئەمجارە دەمانەوێ بچینە بەغدا، داوای مافی هەموو تاكێكی عێراق بكەین بە هەموو پێكهاتەكانیەوە، بە هەموو ئایینەكانەوە. دەمانەوێ لە پەرلەمانی عێراق ئەو پرسیارە ئاراستەی دەسەڵاتدارەكان بكەین، بڵێین ئێوە بودجەی كوردستانتان نەنارد، ویستتان رێگریمان لێ بكەن، ویستتان قەوارەی هەرێمی كوردستان بچووك بكەنەوە، لە هەموو داهاتی عێراق تەنیا ٥٪ی داهاتتان بۆ هەرێمی كوردستان ناردووە، بەڵام لە لایەكی ترەوە بە خەڵكی عێراقیان دەگوت كە داهاتی عێراق بۆ كوردستان دەڕوات.
بەڕێزان:
پێش چەند ڕۆژێك لە بەرنامەی تەلەڤزیۆنی بینیم كە پرۆگرام و بەرنامەیان لە پارێزگاكانی تری عێراق هەبوو، لە پارێزگای واست، لە شاری كوت، یان لە موسەننا، لە سامەڕا، لە نەجەف، لە بەسڕە، لە بەغدا، لە ئەنبار، لە مووسڵ، لە كەركووك، لە هەموو شارەكانی تری عێراق كە ئێستا حكوومەتی فیدرالی حوكمڕانییان تێدا دەكات، بژێویی ژیانی ئەوانیشمان بینیوە، ئەی ئەو پارەیەی بۆ ئێمەتان نەناردووە، بۆچی لەو شوێنانە خەرجتان نەدەكرد؟ ئەوەی كە بینیومانە كەلاوەیە، خەڵك مەحروومە لە هەموو ئەو خەدەماتانەی كە پێویستە هاووڵاتیی ئەم وڵاتە هەیبێت، نە قوتابخانە، نە ئاوی خواردنەوە، نە رێگەوبان، نە خەدەمات، ئەم خەڵكە لە هەموو عێراق مەحروومە. ئەمجارە نوێنەرانی پارتی دیموكراتی كوردستان دەچنە بەغدا بۆ ئەوەی شەڕ بۆ مافی تاك بە تاكی عێراقیش بكەن، ئەمجارە دەبێ بڕۆین بۆ بەغدا بۆ ئەوەی چیتر مووچە بە میزاجی شەخسیی ئەم و ئەو بڕیاری لەسەر نەدرێت، مافێكی ئاسایی و یاسایی ئەم خەڵكەیە، كەس خێرمان پێ ناكات، هەر دەستكەوتێكمان هەبووبێت لە كوردستان، لە پێشكەوتن،لە پرۆژەكان، لە مافە دەستوورییەكانمان، هەمووی بەرهەمی رەنج و خەبات و قوربانیدانی گەلی ئێمە نەبووە، بۆ ئەوەی كەس وا تەسەوڕ نەكات خێریان پێ كردووین.
زۆر هەوڵیان دا لە ڕووی پەیوەندییە دیپلۆماسییەكان هەرێم تەحجیم بكرێ، لە ڕووی سەقامگیری و ئاسایش كێشەمان بۆ دروست بكەن، بەڵام دیسانیش بە ئیرادەی پۆڵایینی خەڵكی كوردستان، بەو پشتیوانی و متمانەیەی كە خەڵكی كوردستان بە پارتی هەیبووە، بە حكوومەتەكەی هەیبووە، هیچ یەكێك لەم رێگرییانە نەیانتوانی كاروانی پێشكەوتن لە هەرێمی كوردستان ڕابگرن، ئێستا شكور بۆ خوا باشترین پەیوەندیی دیپلۆماسیمان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی هەیە، لە خوا بەزیاد بێت، بە سوپاسەوە بۆ پێشمەرگە قارەمانەكانمان، بۆ هێزی ئاسایش و ئەمنییەكانمان، كوردستان پارێزراوە و تا پێشمەرگە هەبێ، تا هێزە دڵسۆزەكانی ئەم نیشتمانە هەبن، كوردستان هەر پارێزراو دەمێنێتەوە.
بەڕێزان:
سەرەڕای ئەو هەموو قەیرانانەی كە بۆ ئێمە دروست كرا، ئەو هەموو بەرنامەی كە لە ناوخۆ و لە دەرەوە دژی ئێمە پیلانیان بۆ گێڕا، ئێمە بە پڕۆژە وەڵاممان دانەوە، بە دەستكەوت وەڵاممان دانەوە، بە سەرخستنی ئەو پرۆژانەی كە یەك لە دوای یەك خۆتان شاهێدن وەڵامی هەموو ئەو ناحەزانەمان دایەوە، بۆیە دەمەوێ ئاماژە بەو دەستكەوتانە بكەم كە دەستكەوتی خۆتانە و هەقە شانازیی پێوە بكەن.
- بەرامبەر بەوەی كە بودجەی ئێمەیان بڕی و مووچەیان بۆ نەدەناردین، ئێمە هەوڵمان دا كارەبای ٢٤ كاتژمێریی كارەبای نیشتمانی بۆ هەموو كوردستان دابین بكەین، شكور بۆ خوا ئێستا سەنتەری شارە گەورەكانمان كارەبای نیشتمانیی 24 كاتژمێرییان هەیە و لە ساڵی 2026 هەموو كوردستان دەبێت بە خاوەنی كارەبای ٢٤ كاتژمێری. جگە لەوەی كە (پڕۆژەی رووناكی) كوردستان ڕووناك دەكاتەوە، یارمەتیدەریش بووە لە خاوێنكردنەوەی ژینگەی كوردستان، یارمەتیدەر بووە بۆ ئاسانكاری بۆ هاووڵاتیان، بۆ باشتركردنی كاری بازرگانەكان، بۆ كەمكردنەوەی خەرجیی هاووڵاتیان، ئەم پرۆژەیە كەوتووەتە خزمەتی هەموو هاووڵاتیانی كوردستان و هەر كەسێكیش كە سەردانی كوردستان بكات.
- پرۆژەی ئاو كە پێشتر پێشبینیی ئەوەمان دەكرد كاریگەریی بێ بارانی، وشكەساڵی دەكەوێتە سەر كوردستان، چەندین بەنداو و پۆندمان دروست كرد، ئەمانە هەمووی یارمەتیدەرن بۆ ئەوەی ئاوی كوردستان بەفیڕۆ نەڕوات، ئاوی بیری ژێرزەوی چیتر خەسار نەبێت، ژینگەمان پارێزراو بێت، بەڵام لە هەمان كاتدا بۆ ئەوەی شارەكانمان ئاوی پاك و خاوێنیان پێ بگات، گەورەترین پرۆژە لەسەر ئاستی عێراق لێرە لە شاری هەولێر دروست كرا كە گەیاندنی ئاوی خێرا بوو بۆ شاری هەولێر، ئەو پرۆژەی گەیاندنی ئاو یەكێكە لە گەورەترین دەستكەوتەكانی ئەم حكوومەتە.
ئێستا چەندین پرۆژەی هاوبەش هەیە، لە چەمچەماڵ، بڕیارمان داوە بۆ سلێمانی، لە ئاكرێ، لە هەر شوێنێك پێویستیی بە گەیاندنی خزمەتگوزاری بێت بۆ هاووڵاتیان، پارتی ئامادەیە و ئەو حكوومەتەی كە پارتیش بەڕێوەی دەبات، دەكەوێتە خزمەتی هەموو هاووڵاتیان.
- ئێمە شۆڕشێكمان لە دروستكردنی ڕێگەوبان دەست پێكرد، بینیتان دوێنێ و پێرێ و هەفتەی رابردوو و مانگی رابردوو، پڕۆژە لە دوای پرۆژە دەكرێتەوە، ئەمانە هەموویان دەستكەوتی ئێوەن، دەستكەوتی حكوومەتەكەی ئێوەن، دەستكەوتی ئەو متمانەیەیە كە ئێوە بە حكوومەتەكەتان داوە، ئێوە خاوەنی ئەو دەستكەوتانەن، حكوومەت جێبەجێكارە. ئەو پرۆژانەی كە ئەنجام دراون، هەموویان كەوتوونەتە خزمەتی هاووڵاتیان، رێژەی رووداوی نەخوازراو لەسەر ڕێگەوبانەكان كەمی كردووە. ئەمانە هەمووی دەستكەوتن كە خەڵكی تر خەونی پێوە دەبینن.
بەڕێزان:
داواتان لێ دەكەم کە بیر لە داهاتوو بكەینەوە كە دەتوانین چیتر بكەین، بەڵام با باسی پرۆژەكان بكەم، پرۆژەیەكی تر كە بە لای ئێمەوە زۆر گرنگ بوو و گۆڕانكارییەكی گەورە لە ژێرخانی ئابووریی كوردستان دروست دەكات، بەرنامەی یان پرۆژەی (هەژماری من) بووە كە هەموو هاووڵاتییەك لەم وڵاتە وەكوو وڵاتانی پێشكەوتوو، هەقی ئەوەی هەیە ببێت بە خاوەنی حیساب بانكی خۆی بەبێ ئەوەی منەتی ئەم و ئەوی لەسەر بێت، ئەگەر فەرمانبەرە بتوانێت مووچەی خۆی راستەوخۆ لە كاتێكی دیاریكراودا لە حیسابی بانكیی خۆی وەربگرێت. ئەمە ئەو شتەیە كە ئێمە توانیمان سەرەڕای ئەو هەموو دژایەتییەی كە كراین، دوای ئەو هەموو رێگرییەی كە كرا لەسەر سەركەوتنی ئەم پرۆژەیە، ئێستا لە خوا بەزیاد بێ پرۆژەكە بەرەو كۆتاییە و پرۆژەكە زۆر سەركەوتووە و كەوتووەتە خزمەتی هەموو هاووڵاتیان.
خوشك و برایان:
دەكرێ زۆر زۆر باسی هەموو ئەو پرۆژانە بكەم بەڵام من چەند نموونەیەكم بۆتان دەستنیشان كردووە. ئێمە چەندین نەخۆشخانەی نوێمان دروست كردووە، چەندین نەخۆشخانەی كۆن نۆژەنكراونەتەوە، دەرمان، پێشتر نەخۆش هەبووە دڵنیا نەبووە لە جۆری ئەو دەرمانەی كە بەكاری هێناوە، بەڵام بەو بەرنامە ریفۆرمەی كە لە سێكتەری تەندروستی ئەنجاممان داوە، ئێستا هەموومان دڵنیاین لە كوالێتیی ئەو دەرمانەی كە بەكاری دێنین، ئاستی كەرتی تەندروستی ئێستا لە كوردستان گەیشتووەتە رادەیەك كە لە دەوروبەری كوردستانیش روو لە كوردستان دەكەن.
قوتابخانەكانمان، زانكۆكانمان، ئێستا لە ئاستێكی باشدان، تمووحمان زۆر زۆر زیاترە بۆ ئەوەی باشتریش بكرێ، بەڵام بە دڵنیاییەوە دەتوانم بڵێم كە لە ڕووی خوێندنی ئەلیكترۆنی و ئۆنلاین، كوردستان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، یەكێكە لە شوێنە هەرە پێشكەوتووەكان لە ڕووی خوێندن و خوێندنی باڵا. دەمانەوێ ئاستمان زۆر زۆر لەوە بەرزتر بكەینەوە، دەمانەوێ ئاستی خوێندن لە زانكۆكانمان، لە قوتابخانەكانمان، لە كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت بەرەو ئاستێكی زۆر زۆر باڵاتر ببەین، بۆیەش هەنگاوی ترمان هاویشتووە بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین ئاستی خوێندنی وڵاتەكەمان وەكوو وڵاتانی پێشكەوتووی جیهان لێ بكەین.
لە خوا بەزیاد بێ، ئاسایش و سەقامگیری لە هەرێمی كوردستان نموونەی نییە، ئێمە دەبینین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چی دەگوزەرێ، ئێستا ئارامترین شوێن، لە خوا بەزیاد بێ، خوا بەردەوام پشتیوانمان بێ، بە دڵسۆزیی ئێوەی خۆشەویست، یەكێكە لە سەقامگیرترین شوێنەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەمەش هەقە شانازیی بە خۆتانەوە بكەن، شانازیی بە خۆتانەوە بكەن چونكە بیرۆكەی توندڕەوی لەناو كوردستان جێگەی نابێتەوە، شانازیی بە پێكەوەژیان بكەن، شانازیی بەو كەلتوورە جوانە بكەن كە ئێوە خاوەنین.
بڕوامان بە مافی یەكسانی هەموو چین و توێژێك هەیە، بە مافی هەموو ئایین و ئایینزایەك هەیە، بە مافی هەموو نەتەوەیەك هەیە، بۆیە كوردستان ئێستا بووە بە پەناگەیەك بۆ هەموو ئەو كەسانەی كە لە دەستی توندڕەوی ڕادەكەن، لە دەستی بێكاری و لە دەستی بێخزمەتگوزاری رادەكەن، پەنا دێننە بەر هەرێمی كوردستان و ئێوە باوەشتان بۆ هەموو ئەو لایەنانە كردووەتەوە، هەقە شانازیی بە خۆتانەوە بكەن.
بەڵام با ئەوەشمان لەبیر نەچێت، بەرامبەر بەم هەموو دەستكەوتانە، بەرامبەر بەو هەموو هەوڵ و كۆششەی كە ئێوە دەیكەن و ئێمە لە خزمەتتانداین، خەڵكێكی تر هەیە ئێستاش بەرنامە و پیلان دادەڕێژن، بەڵێن بە یەكتر دەدەن كە چۆن قەوارەی كوردستان هەڵبوەشێننەوە، كە چۆن بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان پیلانگێڕی بكەن، بێگومان ناتوانن، بەڵام وشەی ناتوانن بە تەنیا كافی نییە، دەبێ هەموومان ئامادە بین رووبەڕووی ئەو پیلانانە بووەستینەوە، دەبێ هەموومان پشتیوانی ئەو خوشك و برایانەمان بین، بۆ ئەوەی بیاننێرین بۆ بەغدا، لەوێ ڕێگرییان لێ بكەین، لەوێ پێیان بڵێین كە ناتوانن.
ئێمە قوربانیی زۆرمان بۆ ئازادی و سەربەستی داوە و ئاوەدانكردنەوەی كوردستان داوە، ئەگەر ئێستا بیر لەوە دەكرێتەوە بەغدا یان حكوومەتی فیدرالی، مەفهوومی فیدرالیەت نەمێنێت و بەرەو حكوومەت و دەسەڵاتداریی مەركەزی بڕوات، بەغدا بەرەو دیكتاتۆریەت بڕوات، دەبێ ئێمە رووبەڕوویان بوەستینەوە و ئێمە رێیان لێ بگرین و ئێمە پێیان بڵێین كە چیتر بەغدا ناتوانێت بگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دیكتاتۆریەت.
ئێوە لە جیاتی هەموو عێراق، دەبێ بەرگریی لە دیموكراسیەت بكەن، لە مافی خەڵكی عێراق بكەن، لە ئازادی بكەن، لە فیدرالیەت بكەن، لە دەستكەوتەكان بكەن، لە جیاتی تاریكی، روو لە ئاییندەیەكی رووناك بكەن، ئێوە دەتوانن ئەوە بكەن و ئێوە دەتوانن هێز و ورە بە خەڵكی تریش ببەخشن، بۆیە پێویستە پارتی لە بەغدا بێت، بۆ ئەوەی خەڵكی تریش لەگەڵ ئێمە رووبەڕووی هەموو تاریكییەك بوەستێتەوە، رووبەڕووی هەموو ستەمكارێك بوەستێتەوە، رووبەڕووی هەموو پێشێلكارێك بوەستێتەوە، كە پێیان بڵێین چیتر ئێمە قەبووڵ ناكەین لە عێراقێكدا بین كە بەرەو دیكتاتۆریەت و مەركەزیەت بڕوات.
ئێمە زۆر باسی رابردوومان كرد، بەڵام خەونی گەورەمان بۆ ئاییندە هەیە، ئەوەی كردوومانە سەرەڕای هەموو گرفت و قەیرانێك كردوومانە، ئەی ئەگەر ئێمە دەسەڵاتمان لە بەغدا بەهێز بێت، ئەگەر دەستوور وەكوو خۆی جێبەجێ بكرێت و ئەگەر مافە دەستوورییەكانی ئێمە هەمووی وەكوو خۆیان جێبەجێ بكرێن. ئەگەر شنگال و مەخموور و كەركووك بۆ باوەشی كوردستان بگەڕێتەوە. ئەگەر هەموو تاكێك لەم وڵاتە هەست بە بوونی خۆی بكات. هەست بە یەكسانی و دادپەروەری بكات؟ تەسەوڕ بكەن ئەو وەختە ئێمە دەبێ ژیانمان چۆن بێت. ئەمە ئەو خەونەیە كە دەمانەوێ بیكەین بەڕاستی.
دەمانەوێ كوردستان لە سەردەمێكی زێڕیندا بژی، دەمانەوێ قوتابیی ئێمە چیتر ڕوو لە هەندەران نەكات، دەمانەوێ قوتابی بڕوای بە ئاییندەی خۆی هەبێت. دەرفەتی كار بۆ هەموو هاووڵاتییەك بە شێوەیەكی یەكسان هەبێت . دەمانەوێ پزیشكی ئێمە ڕوو لە هەندەران نەكات و لە نەخۆشخانەكانی دەرەوە لە دوای ئیش نەگەڕێت، دەمانەوێ لێرە نەخۆشخانەكانمان پێشوازیی لە پزیشك و نۆژدارەكانمان بكەن لە دەرەوەش بگەڕێنەوە. دەمانەوێ جووتیارەكانمان چیتر بەرهەمەكانیان لەسەر جادە نەڕێژن، ئەوەی كە ویستوومانە كردوومانە، چونكە ئێستا، ئەوەی كە ئێستا دەكرێ، هەموو ئەو بەڵێنانە بوون كە بەجێمان گەیاندن، ئێستا جووتیارەكانمان بەرهەمەكانیان لە لایەن حكوومەتەوە لێیان وەردەگیرێتەوە و بەرهەمەكانیان بەرەو وڵاتانی تر هەناردە دەكرێ. من دوێنێ و چەندین موناسەبەی تریش چووم سەردانی فێستیڤاڵەكانم كردووە كە دەبینم چەندە دڵی جووتیارەكانمان خۆشە بەوەی بەرهەمەكانیان ئێستا رەغبەتی لەسەر زۆرە و دەتوانن بیفرۆشن.
دەمانەوێ یاسا سەروەر بێت، دەمانەوێ هەموو كەس هەست بە بوونی خۆی بكات، نامانەوێ كەس لە نائومێدیدا بژیت، ئەو هێزانەی دەیانەوێ نائومێدی دروست بكەن، دەبێ بەرامبەر بەوان، ئێوە باسی ئومێد بكەن، باسی هیوا بكەن، باسی ئاییندەیەكی گەشتر بۆ ئەم وڵاتە بكەن. ئێمە دەتوانین ئەوە بكەین، چونكە كردوومانە.
ئێمە خەونی گەورەمان هەیە بۆ گەنجەكانمان، بەرنامەی گەورەمان هەیە بۆ ئەوەی یارمەتیی هەموو كەسێك بدەین لەم وڵاتە كە خۆی حەزی لە ئیشكردن بێت، حەزی لە پێگەیاندن بێت، حەزی لە داهێنان بێت، حەزی لە سەركەوتن بێت، لەبەر ئەوە جارێكی تر دەڵێم، بە یەكەوە هەموومان دەتوانین كوردستان بەرەو ئاییندە و داهاتوو و پاشەڕۆژێكی گەشتر ببەین.
خوشك و برایان:
من نامەوێ زۆر لە كاتتان بگرم، تەنیا دەمەوێ دواجار ئەوەتان پێ بڵێم كە دروشمی پارتی (هاوبەشی، هاوسەنگی، سازان) مانای ئەوەیە كە ئێمە دەمانەوێ هاووڵاتیی هاوبەش بن لە بڕیاردان، سازان هەبێت و هاوسەنگی هەبێت لە دەسەڵاتدا، لە هەموو بڕیارەكاندا، هەموو كەسێك بەشدار بێت و بەرامبەر بە یاسا یەكسان بێت، دەمانەوێ بەرگریی لە مافی هەموو هاووڵاتییەك بكەین لەم وڵاتەدا و پێمانوایە عێراقێكی بەختەوەر و سەركەوتوو و پێشكەوتوو، بێگومان كوردستان دەتوانێت زیاتر سوودمەند و بەهرەمەند بێت لێی.
لە كۆتاییدا دەمەوێ بە ئێوەی بەڕێز و خۆشەویست بڵێم، قوتابیان، لاوان، ئافرەتان، گەنجانی رێبازی بارزانی، دڵسۆزانی نیشتمان، ئێوە هێز و ئیرادە و بڕوا و ورە و توانای ئەم گەلەن و بە ئێوە و بەیەكەوە دەتوانین هەموو خەونێكمان بكەین بە ڕاستی.
سوپاستان دەكەم، سوپاسی ئامادەبوونتان دەكەم، هەر سەركەوتوو بن، لیستی 275 ئینشائەڵڵا سەركەوتوو دەبێت، چاوەڕێی دەنگی ئێوەین، چاوەڕێی سەركەوتنی ئەم خوشك و برایانەین، چاوەڕێی گەورەترین سەركەوتنین بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان.
زۆر زۆر بەخێر بێن سەرسەر و سەرچاوم.