زیندانێکی نهێنی ڕژێمی بەشار ئەسەد دۆزرایەوە

ئاژانسی هەواڵی فەرمی سووریا 'سانا' بڵاویکردەوە، هێزە ئەمنییەکان زیندانێکی ژێرزەمینیان لە لادێکانی حمس دۆزیوەتەوە، کە لەلایەن ڕژێمی بەشار ئەسەد، بۆ دەستگیرکردنی هاووڵاتیانی مەدەنی لەماوەی جەنگی ناوخۆییدا بەکار هێنراوە.
ئاژانسەکە ئاشکرای کردووە، زیندانەکە لە باکووری گوندی 'بوەیزە سلمیە' لە ناوچەی ئەلموخرەم لە لادێکانی ڕۆژهەڵاتی حمس دۆزراوەتەوە.
عومەر موسا، جێگری بەڕێوەبەری ناحیەی ئەلموخرەم ڕایگەیاند، زیندانەکە نزیکەی 10 ڕۆژ لەمەوبەر لەکاتی گەڕانەکانی پۆلیس بۆ شوێنە گومانلێکراوەکانی ناوچەکە دۆزراوەتەوە.
موسا ئاماژەی بەوەشکرد، "زیندانەکە لەژێر زەویدا شاراوەتەوە و دەرگایەکی ئاسنی قوفڵکراوی هەیە، لە ناوەوەشدا ئامێرەکانی وەک دۆشەکی ئسیفەنج و بەتانی کەرەستەی ئەشکەنجەدان وەک دار و پەتی تێدابووە."
ئەو بەرپرسە گوتیشی: "کتێب و بڵاوکراوەی میلیشیاکان کە لەلایەن ڕژێمی پێشووەوە پاڵپشتی دەکران" دۆزراونەتەوە.
موسا ئاشکراشی کرد، شوێنەکە بە تونێلێکەوە بەستراوەتەوە کە قووڵییەکەی پێنج مەتر و درێژییەکەی 40 مەترە.
بەگوێرەی ئەو وێنانەی ئاژانسەکە بڵاویکردووەتەوە، ئەو زیندانە لە ناوچەیەکی چۆڵەوانییە و کەس تێیدا نیشتەجێ نییە.
ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤیش دەڵێن: زۆرێک لە زیندانە نهێنییەکانی ڕژێمی پێشوو بە نەدۆزراوە ماونەتەوە و پێدەچێت لە سەرانسەری ناوچە جیاوازەکانی سووریادا هەبن.



