شارە پیرۆزەکەی عێراق بێ خزمەتگوزارییە و نووقمی زبڵ و خاشاک بووە

پارێزگای کەربەلا، سەرەڕای ناوبانگی وەک شارێکی پیرۆز، بەدەست کۆمەڵێک کێشەی خزمەتگوزاری سەرەتاییەوە دەناڵێنێت.

 بە هەزاران تەنی پاشماوە لە گۆڕەپان و شەقامەکانی شارەکەدا بڵاوبوونەتەوە، هاوکات کەمی و پیسبوونی ئاوی خواردنەوە، بڕانی کارەبای نیشتمانی و شەقامی قیرتاونەکراو، ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتییانی سەخت کردووە. 

دانیشتووان، حکومەتی خۆجێی و حکوومەتی عێراقیش بە کەمتەرخەم دەزانن لە چاودێریکردن و چارەسەرکردنی ئەم گرفتانەدا.

بە هەزاران تۆن پاشماوە کە ساڵانێکە لە گۆڕەپان، شەقام و کۆڵانەکانی کەربەلادا بڵاوبوونەتەوە، بوونەتە سەرچاوەی نیگەرانییەکی گەورە. قوتابخانەکانیش لەم پیسبوونە بەدەر نین و لە دەوروبەری زۆربەیان پاشماوە دەبینرێت، ئەمەش وا دەکات کەسوکاری قوتابییان لە ترسی سەلامەتی منداڵەکانیان خۆیان بە بێ دەسەڵات بزانن.

سەباح جومعە، دانیشتوویەکی گەڕەکی ئیعلام لە کەربەلا کە ماوەی 13 ساڵە لەوێ دەژی، بە کوردستان24ی ڕاگەیاندووە: "هیچ خزمەتگوزارییەک لە گەڕەکەکەدا نییە، بگرە منداڵەکانیشمان دەبێت خۆمان بیانبەین بۆ قوتابخانە لە ترسی ئاژەڵی بێلانە، لێرە نە ئاو و نە کارەبا و هیچ خزمەتگوزارییەک نییە". گەڕەکی ئیعلامیش بووەتە جێگەی فڕێدانی پاشماوە.

ڕائید موسەوی، هاووڵاتییەکی دیکەی کەربەلا، ئاماژەی بەوە کرد "پێویستە شارەوانی ئەم شوێنە خاوێن بکاتەوە، خۆ شارەوانی پارەی پاککردنیشمان لێدەستێنن، بەڵام وەک خۆتان دەبینن هیچ خاوێنکردنەوەیەک ئەنجام نادرێت". محەممەد تەمیمی گوتی: "لە کەربەلا سەرنجی خزمەتگوزاری و شارەوانی تەنیا لەسەر ناوشارە و دەوروبەر پشتگوێ خراوە، ڕێژەی خزمەتگوزاری لەم گەڕەکانە نزیکە لە 0%".

هاووڵاتییان، لەوانە ئەحمەد عەبدولحوسێن، داوا دەکەن شارەوانی چارەسەرێک بدۆزێتەوە و چاودێری هەبێت بۆ ئەوەی کەس پاشماوە فڕێ نەدات. خەدیجە موعتەزیش نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە نەبوونی چاودێری و بوونی مەترسی وەک ماددەی هۆشبەر و چەقۆ لەسەر شەقامەکان. عەبدولئەمیر مەهدی، هاووڵاتییەکی دیکە، هۆشداری دا لە مەترسی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی بەهۆی فڕێدانی ئاژەڵی مردار و پاشماوەی پیس لە نزیک ماڵەکان.

سەرەڕای کێشەی پاشماوە، پارێزگای کەربەلا بەدەست چەندین کێشەی دیکەی خزمەتگوزاری سەرەتاییەوە دەناڵێنێت. کەمی و پیسبوونی ئاوی خواردنەوە، کەمبوونەوەی کاتژمێرەکانی دابینکردنی کارەبای نیشتمانی و قیرتاونەکردنی شەقامەکان، بەشێکی دیکەی ئەو کێشانەن کە ژیانی ڕۆژانەی زۆربەی هاووڵاتیانی پارێزگاکەی قورس کردووە.

هێندەی کێشەکە قووڵتر دەکاتەوە، کرێکارانی لابردنی پاشماوەکان، کە ڕۆڵێکی گرنگ لەم بوارەدا دەگێڕن، چوار مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە. ئەرمیر عەزیز، یەکێک لەو کرێکارانە، ڕایگەیاند: "لە چلەی ماتەمینی ئیمام حوسێنەوە ئێمە دەستمان بە کارکردن کردووە، بەڵام تا ئێستا هیچ بڕە پارەیەکمان بەرانبەر بە کارەکەمان وەرنەگرتووە".

زیاتر لە ملیۆنێک و 350 هەزار کەس لە پارێزگای کەربەلا دەژین، کە لە سێ شارۆچکە و حەوت شارەدێ و سەدان گوند پێکهاتووە، هەموویان بەدەست نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانەوە دەناڵێنن. گوتەیەکی کوردی هەیە دەڵێت "ناوێکی گران و ماڵێکی وێران"، ئەم گوتەیە بەتەواوی بەسەر دۆخی پارێزگای کەربەلادا دێت، کە سەرەڕای ئەوەی بە پارێزگایەکی پیرۆز ناسراوە، بەڵام هاووڵاتییانی لەناو پیسی و پاشماوە و کەمیی خزمەتگوزارییەکاندا ماونەتەوە.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment