سەرۆک بارزانی و باڵیۆزی تورکیا پەیوەندیی نێوان تورکیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرد

سەرۆک بارزانی و باڵیۆزی تورکیا لە عێراق بارودۆخی سیاسی و په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و ئه‌نقه‌ره‌ و هەڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی عێراق و ناوچەکە تاوتوێ ده‌كه‌ن.

ئەمڕۆ سێشەممە، 21ـی تشرینی یەکەمی 2025، بارەگای بارزانی بڵاوی کردەوە، سەرۆک بارزانی لە پیرمام پێشوازی لە ئانڵ بۆرا ئینان، باڵیۆزی تورکیا لە عێراق کرد.

بارەگای بارزانی ئاماژەی بەوە داوە، ئێرمان تۆپچو، کونسوڵی گشتیی تورکیا لە هەولێر ئامادەی دیداره‌كه‌ بوو و تێیدا باس لە بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەکە بە گشتی و هەڵبژاردنی داهاتووی په‌رله‌مانی عێراق و پەیوەندیی نێوان لایەنە سیاسییەکانی عێراق کرا. بارەگای بارزانی ڕوونیشی كردووه‌ته‌وه‌، پەیوەست بە هەرێمی کوردستان دوا هەنگاوەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پڕۆسەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکییه‌وه‌ خرانە بەر باس و گفتوگۆ.

هەروەها پەیوەندیی نێوان تورکیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان تەوەرێکی دیکەی ئەم دیدارە بووه‌. بارەگای بارزانی باسی له‌وه‌ش كردووه‌، هەردوولا جەختیان لە بەردەوامی و  بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری تورکیا لە هەموو بوارەکاندا کردووه‌ته‌وه‌. 

 

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment