لە کەنەدا کەسێک بە چەقۆ هێرشی کردە سەر خەڵک؛ دوو کەس کوژراون

هێرشکەرەکە دەستگیرکراوە

K24 - هەولێر

پۆلیسی شاری کێبێک لە کەنەدا ئاشکرای کرد پیاوێکیان دەستگیرکردووە دوای ئەوەی بە چەقۆ هێرشی کردووەتە سەر ژمارەیەک کەس، میدیاکانی کەنەداش دەڵێن، دوو کەس لە ئەنجامی هێرشەکەدا کوژراون.

پۆلیسی کێبێک لە تویتێکدا رایگەیاند، کەمێک پێش کاتژمێر 01:00ـی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ (دەوروبەری کاتژمێر 09:00ـی بەیانی بە کاتی هەولێر) هێرشکەرەکەیان دەستگیرکردووە، کە ژمارەیەک کەسی بە چەقۆ بریندار کردووە، بەڵام دەڵێ "هێشتا داوا لە خەڵک دەکەین لە ماڵەکانیان نەیەنە دەرەوە، چونکە خەریکی لێکۆڵینەوەین".

پۆلیس زانیاری لەبارەی کوژرانی هیچ کەسێک نەداوە، بەڵام میدیاکانی کەنەدا دەڵێن جگە لەو پێنج کەسەی بە چەقۆ بریندار کراون، دوو کەسیش لەلایەن هەمان هێرشکەرەوە کوژراون.

پۆلیس ئاشکرای کردووە، هێرشکەرەکە جلوبەرگی سەدەکانی ناوەڕاستی پۆشیوە، پێنج کەسی بریندارکردووە، بەڵام لەبارەی سەختیی برینی بریندارەکان، هەروەها هۆکاری هێرشەکە، روونکردنەوەی نەداوە.