میسان.. وشکەساڵی بەرۆکی جووتیارانی گرتووە

بەڕێوەبەری کشتوکاڵی میسان هۆشداری دەدات لە دەرەنجامی کارەساتبار بۆ کەرتی کشتوکاڵ لە پارێزگاکە و داوای دەستێوەردانی بەپەلەی حکوومەت دەکات.
مەجید سەعدی، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی میسان، هۆشداریی دا لە قەیرانێکی گەورە کە ڕووبەڕووی کەرتی کشتوکاڵی پارێزگاکە بووەتەوە، بەهۆی ڕاگرتنی پلانە کشتوکاڵییەکان و وشکبوونی ڕووبەرێکی بەرفراوانی زۆنگاوەکان. ئەم دۆخە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر بژێویی هەزاران جووتیار و بەخێوکەری گامێش داناوە.
مەجید سەعدی لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: "میسان پارێزگایەکی کشتوکاڵییە و زیاتر لە سەدا 60ـی دانیشتووانەکەی پشتیان بەم کەرتە بەستووە. بەداخەوە، پلانی کشتوکاڵی هاوینە بە تەواوی ڕاگیراوە و پلانی زستانەش هێشتا پەسەند نەکراوە، ئەمەش بەهۆی ئەو شەپۆلە وشکەساڵیی بووەتە هۆی وشکبوونی زیاتر لە سەدا90ـی زۆنگاوەکان."
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی میسان، سەرسوڕمانی خۆی نیشاندا لە بڕیارێکی حکوومەت کە ڕێگری لە چاندن دەکات لە ناوچە بەرفراوانەکانی ڕۆژهەڵاتی پارێزگاکە، لە کاتێکدا ئەو ناوچانە بۆ ئاودێری پشت بە ئاوی ڕووباری دیجلە نابەستن، بەڵکو سوود لەو لافاوانە وەردەگرن کە لە ئێرانەوە دێن.
ڕوونیکردەوە: "قەدەغەکردنی کشتوکاڵ لەو ناوچانە هیچ پاساوێکی نییە، چونکە زۆرینەی دانیشتووانیان تەنیا پشتیان بە کشتوکاڵ بەستووە و تەکنیکی ئاودێریی مۆدێرنیش بەکاردەهێنن. چەندان جار داوامان لە وەزارەتی کشتوکاڵ کردووە، ئەم ناوچانە بخاتە ناو پلانی زستانەوە، بەڵام بێ وەڵام بووە."
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی میسان ئاماژەی بەوەش کرد، وشکبوونی زۆنگاوەکان بووەتە هۆی کارەسات بۆ بەخێوکەرانی گامێش. "دانیشتووانی زۆنگاوەکان ناچاربوون کۆچ بکەن و گامێشەکانیان بە نرخێکی هەرزان بفرۆشن، چونکە گامێش ناتوانێت لە ژینگەیەکی وشکدا بژی و توانای زاوزێکردنیشی بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بووەتەوە. ئەم خەڵکە ڕووبەڕووی بارودۆخێکی سەختی ژیان بوونەتەوە و پێویستیان بە فریاگوزاریی بەپەلەی حکوومەت هەیە."