مەسرور بارزانی: پرۆسەی ئاشتی سەربگرێت، گوند و ناوچە سنوورییەکانمان ئاوەدان دەکەینەوە

وەزارەتی ناوخۆی عێراق: بکوژانی سەفا مەشهەدانی دەستگیرکران

ئەمڕۆ چوارسەممە، 22ـی ئۆکتۆبەری 2025، وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەستگیرکردنی پێنج تۆمەتباری ڕاگەیاند کە تێوەگلاون لە کوشتنی سەفا مەشهەدانی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا، کە ماوەیەک پێش ئێستا لە باشووری بەغدا بە شێوەیەکی دڕندانە کوژرابوو.

وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرای کردووە، لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشدا لەگەڵ حەشدی شەعبی و بە پشتبەستن بە فەرمانی دادوەری ئەنجامدراوە. دەستگیرکردنی تۆمەتباران دوای هەوڵێکی زۆری هەواڵگری، کاری مەیدانی و لێکۆڵینەوەی بەردەوام هات، بووە هۆی دەستنیشانکردنی شوێنی خۆحەشاردانیان.

وەزارەتی ناوخۆ دووپاتی کردەوە "لێکۆڵینەوەکان لەژێر چاودێریی دادوەریدا بەردەوامن" و گوتیشی: دوای تەواوبوونی ڕێکارە یاساییەکان، وردەکاریی زیاتر بۆ ڕای گشتیی ئاشکرا دەکات.

ڕۆژی چوارشەممە، 15ـی تشرینی یەکەمی 2025، ئەندامانی هاوپەیمانی سیادە کوژرانی ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا و کاندیدی هەڵبژاردنیان ڕاگەیاند.

ئەندامانی هاوپەیمانی سیادە ئاماژەیان بەوەکرد، سەفا مەشهەدانی، کاندیدی هاوپەیمانی سیادەیە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکی لکێنراو بە ئۆتۆمبێلەکەیەوە کوژرا.

لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان گرتەی ڤیدیۆیی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلەکەی سەفا بڵاوکرایەوە کە تێیدا دەرکەوتووە ئۆتۆمبێلەکەی لە یەکێک لە شەقامەکانی ناوچەی تارمییە ئاگری گرتووە.

لای خۆیەوە مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمان ئیدانەی کوشتنی کاندیدەکەی کرد و بە "هێرشی تیرۆریستیی ترسنۆکانە" ناوی برد.

مەحموود مەشهەدانی داوای لە حکوومەت و لایەنە ئەمنییە پەیوەندیدارەکان کرد بەدواداچوون بۆ تیرۆرکردنی کاندیدەکە بکەن و لێپرسینەوە لە تاوانباران بکەن.

هاوپەیمانی سیادە یەکێکە لەو پارتە سەرەکیانەی سوننە کە بەشدارە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، ئەم پارتە لەلایەن خەمیس خەنجەرەوە سەرۆکایەتی دەکرێت.

لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا چەندین کردەی تیرۆرکردن و ڕفاندنی چالاکوانانی مەدەنی و ڕۆژنامەنووسان و سیاسەتمەداران ڕوویداوە، کە هەندێکیان نەیاری گرووپە چەکدارەکانی شیعە بوون.

 

 
 
Fly Erbil Advertisment