چاودێران: تەقاندنەوەی بۆڕی نەوت زیان بە تورکیا ناگەیەنێت
پەکەکە بەو کارەی تەنھا زیان بە ئابووری ھەرێمی کوردستان دەگەیەنێت

K24 – ھەولێر:
بەرای چاودێران تەقاندنەوەی بۆڕی گواستنەوەی نەوتی کوردستان لە لایەن پەکەکە، تەنھا زیان بە ئابووری ھەرێمی کوردستان دەگەیەنێت، بە پێچەوانەوە ھیچ زیانێکی بۆ کەرتی ئابووری تورکیا نابێت. چاودێران دەشڵێن: ئەم کارەی پەکەکە بڕینی قوتی خەڵکی کوردستانە و دۆخەکە زیاتر ئاڵۆز دەکات.
تەقاندنەوەی بۆڕی گواستنەوەی نەوتی کوردستان بۆ بەندەری جیھانی تورکیا لە لایەن پەکەکە، زیان بە کەرتی ئابووری تورکیا نادات و بە ھۆیەوە ئابووری ئەو وڵاتە ھەرەس ناھێنێت.
زهرهرمهندی یەکەم تەنھا ھەرێمی کوردستانە، پەکەکە بەو کارەی تەنھا زیان بە ئابووری ھەرێمی کوردستان دەگەیەنێت و قوتی خەڵکی ھەرێمی کوردستان دەکەوێتە مەترسیەوە.
وڵاتی تورکیا تەنھا کرێی ترانزێتی تێەربوونی نەوتی ھەرێمی کوردستان وەردەگرێت، کە لە بەرامبەردا رێژەیەکی کەمی داھاتی ئەو وڵاتەیە؛ بەڵام بۆ ھەرێمی کوردستان داھاتی نەوت داھاتی سەرەکییە. بەھۆی ئەو کارەی پەکەکە تا چاککردنەوەی بۆریەکە، ھەرێمی کوردستان لەو داھاتە بێ بەش دەبێت.
ھەفتەی رابردوو لە لایەن چەکدارانی پەکەکە، بۆری گواستنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان کرایە ئامانج، بەو ھۆیەشەوە پرۆسەی ناردنی نەوت وەستا. بەلای حکومەتی ھەرێمی کوردستانیش ئەمە کارێکی تیرۆرستییە و دۆخەکە زیاتر ئاڵۆز دەکات.