نەخۆشخانەی شۆڕش-هێتیت، قەرەباڵغی لەسەر نەخۆشخانەکانی دیکە کەم دەکاتەوە

وەزیری تەندروستیی حكوومهتی ههرێمی كوردستان ئاماژە بهوه دهكات، نەخۆشخانەی شۆڕش-هێتیت، بە شێوازێکی هاوچهرخ دروست کراوە و هاووڵاتییانی دەرەوەی شارەکان سوودی لێ وەردەگرن.
سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە، 22ـی تشرینی یەکەمی 2025، بە کوردستان24ـی گوت: کردنەوەی ئەم نەخۆشخانەیە گرنگی زۆری هەیە، چونکە ئامانجی کابینەی نۆیەم خزمەتکردنی هاووڵاتییانە بە تایبەتی لە بواری تەندروستی و لە دەرەوەی سەنتەری شارەکان و ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی تەواوی هاووڵاتییانی سنوورەکە سوود لە خزمەتگوزارییەکانی وەرگرن، بە تایبەتی گوندەکان و دەورووبەری.
هەروەها ئاماژەی بەوە دا، نەخۆشخانەکە ژمارەیەکی زۆری خزمەتگوزاریی تێدایە، جگە لە ئەنجامدانی نەشتەرگەری و هەبوونی ئامێری پێشکەوتوو لە نەخۆشخانەکە، دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی قەرەباڵغی لەسەر نەخۆشخانەکانی ناو دهۆک.
هاوكات عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک بە کوردستان24ـی گوت: هەبوونی ئەم نەخۆشخانەیە گرنگی خۆی هەیە، چونکە کەوتووەتە ناوچەیەکی شاخاوی و دوورەدەست بۆ هاووڵاتییان.
نەخۆشخانەکە بە شێوازێکی هاوچهرخ دروست کراوە و یەکێک لە نەخۆشخانە پێشکەوتووەکان لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 22ـی تشرینی یەکەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، نەخۆشخانەی شۆڕش-هێتیتی گشتی لە شارەدێی دێرەلووک لە قەزای ئامێدی سەر بە پارێزگەی دهۆک كردەوە.
سەرۆكی حكوومەت سەرجەم بەشەكانی نەخۆشخانەكەی بەسەر كردەوە و لە نزیكەوە هەموو ئەو خزمەتگوزارییە تەندروستییانەی بینی كە لە نەخۆشخانەكەدا پێشكەش بە خەڵكی دەكرێن.
پاشان سەرۆکی حکوومەت لە گوتارێكدا گوتی: لەسەر فەرمانی سەرۆك بارزانی، پێویست بوو ئێمە خزمەتێكی زیاتری خەڵكی ئەم دەڤەرە بكەین، جگە لەوەی ئەمە داخوازیی خەڵكی ئەم دەڤەرە بوو كە نەخۆشخانەیەك دروست بكرێت، چونكە زۆرجار بە تایبەتی لە وەرزی زستان و لە كاتێكدا بەفر هەبووایە، نەخۆش نەدەگەیشتنە نەخۆشخانەی دیكە لە ئامێدی و دهۆک یان هەولێر، بۆیە بڕیار درا ئەم نەخۆشخانەیە دروست بکرێت، لەو كاتەوە تا ئێستا كارێكی زۆر باش كراوە، من سەردانی هەموو بەشەكانی ئەم نەخۆشخانەیەم كرد، بەڕاستی بە شێوازێكی زۆر سەردەمییانە و بە ئامێری زۆر پێشكەوتوو ئامادە كراوە، لەو باوەڕەدام كە پزیشك و نۆژدار و پەرستاری زۆر باشیشمان هەن و زۆر باش چاوی خۆیان دەدەنە خەڵكی ئەم دەڤەرە و چیتر ناچار نابن بۆ نەخۆشی سەردانی شاری دیكە بكەن.