پرۆژەی ئاوی قوشتەپە کێشەی کەمئاوی بۆ 20 ساڵی داهاتوو چارەسەر دەکات

پرۆژەی ئاوی قوشتەپە کە کێشەی ئاو تاوەکوو 20 ساڵی داهاتوو لە قەزای قوشتەپە، ناحیەی بیستانە و 72 گوندی دەڤەرەکە چارەسەر دەکات، سبەی لەلایەن سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکرێته‌وه‌؛ هاوکات ئەمەش بە یەکێک لە پرۆژە سەرکەوتوو گرنگەکانی کابینەی نۆییەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دادەنرێت.

بڕیارە سبەی پێنجشەممە 23ـی تشرینی یەکەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پرۆژەی ئاوی قوشتەپە بکاتەوە. بەهۆی ئەو پرۆژەیەوە 112 بیر دادەخرێن و 15 هەزار هاوبەش و 63 هەزار کەس لێی سوودمەند دەبن، کە 72 هەزار مەتر سێجا لە 24 کاتژمێردا ئاو دەگەیەنێتە خەڵک.

پێشتر فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی لە بارەی پرۆژەی ئاوی قوشتەپەی بڵاو کردبووە و تێیدا ئاماژەی به‌وه‌ كردبوو، دوای ئەوەی ساڵی ڕابردوو، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناغەی پرۆژەی ئاوی قوشتەپەی دانا، کە ماوەی جێبەجێکردنی پرۆژەکە دوو ساڵ بوو، بەڵام لە پێش وادەی خۆیدا تەواو دەکرێت.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری گوتبووی: پرۆژەی ئاوی قوشتەپە بە گوژمەی 222 ملیار دینار، بە دەستی کاری ناوخۆیی دروست دەکرێت؛ پرۆژەکە ئاوی خواردنەوە، ئاودێریی کشتوکاڵی بۆ قەزای قوشتەپە، ناحیەی بیستانە و 72 گوندی دەڤەرەکە دابین دەکات.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتبوو، 37 کیلۆمەتر بۆریی 800 ملیمی لە پرۆژەکەوە بۆ قوشتەپە و برڕی بە تیرەی 500 -90 بە درێژایی 263 کیلۆمەتر بۆ تەواوی گوندەکان ڕاکێشراوە، هەروەها پرۆژەی ئاوی قوشتەپە لە کاتژمێرێکدا سێ هەزار مەترسێجا ئاوی پاک بە ستانداردی نێودەوڵەتیی دابین دەکات، 240 هەزار هاووڵاتیی لێی سوودمەند دەبن.

پرۆژەکە یەکێکی دیکەیە لە کارە سەرکەوتووەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان؛ بە تەواوبوونیشی، تا 20 ساڵی ئاییندە ناوچەیەکی کەمئاو ئاوەدان دەبێتەوە و کێشەی ئاوی نامێنێت.

هەر ئەمڕۆ چوارشەممە مەسرور بارزانی، لە ڕێوڕەسمێکدا لە سنووری ئامێدی، نەخۆشخانەی 'شۆڕش-هێتیت'ی کردەوە، پێشتر سەرۆکی حکوومەت لە 7ـی ئەیلوولی 2020، لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا بەردی بناغەی نەخۆشخانە و کۆمەڵگەی تەندروستی هێتیتی لە پارێزگای دهۆک دانابوو.

لە درێژەی کاروچالاکییەکانیئەمڕۆی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان هۆتێلی (بەرد - حەجەری)ـی لە شارەدێی سەرسنک لە سنووری قەزای ئامێدی کردەوە، کە لە ساڵی 1946 دەست بە بنیاتنانی هۆتێلەکە کراوە و لەم دواییانەدا نۆژەنکراوەتەوە.

 

 
 
 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment