مارکۆ ڕوبیۆ سەردانی ئیسرائیل دەکاته‌وه‌

گوتەبێژی حکوومەتی ئیسرائیل ڕایگەیاند، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا سەردانی وڵاتەکەی دەکات؛ ده‌شڵێت، له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل كۆده‌بێته‌وه‌.

چوارشەممە، 22ـی تشرینی یەکەمی 2025، شۆس بێردرۆسیان، گوتەبێژی حکوومەتی ئیسرائیل ڕایگەیاند، سبەی پێنجشەممە مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دەگاتە تەلئەڤیڤی پایتەختی ئیسرائیل.

دەشڵێت: دووسبەی، واتە ڕۆژی هەینی لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کۆدەبێتەوە.

گوتەبێژی حکوومەتی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش دا، لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلوولەوە ئەمە سێیەمین سەردانی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکایە بۆ ئیسرائیل. گوتیشی: ئەمە دەرخەری دۆستایەتیی دەستلەناودەستی ئیسرائیل و ئەمەریکایە لە کاتێکی ئاوا مێژووییدا.

ئەمەش لە کاتێکدایە، لەم هەفتەیه‌دا جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەو وڵاتە بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست سەردانی ئیسرائیلیان کردبوو، مەبەست لە سەردانەکەیان بۆ تەلئەڤیڤ بۆ دڵنیابوون بوو لە جێبەجێکردنی ئاگربەستی غەززە و پلانی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment