ساسان عەونی: ئەم پرۆژەیە بەشێکە لە دیدگا و پلانی سەرۆک وەزیران بۆ چارەکردنی گرفتی کەمئاوی

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 23ـی تشرینی یەکەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی ئاوی قوشتەپەی کردەوە.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی پرۆژەی ئاوی قوشتەپە گوتی: خزمەتکردنی هاووڵاتیان ئەرکی حکوومەتە، جا ئەو هاووڵاتییە لە سەنتەری شار دابیت یان لە گوندێکی دوورە دەست.
گوتیشی: ئەو پرۆژەیە بەشێکە لەو پلانەی سەرۆک وەزیران، کە بەمەبەستی چارەکردنی گرفتی کەمئاوی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان لە شاری هەولێر و دەورووبەری دایناوە، تەواوکردنی پرۆژەی ئاوی قوشتەپە و گوندەکانی دەورووبەریەتی، کە لە ماوەیەکی کەمی پێوانەییدا بە گوژمەی 222 ملیار دینار تەواو کرا.
گوتیشی: ئەم پڕۆژەیە، پڕۆژەی ئاوی قوشتەپە و بیستانە و گوندەکانی دەوروبەری، هاوشێوە و تەریبە لەگەڵ پڕۆژە گەورەکانی دیکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەرجەم سێکتەرەکاندا. بەتایبەتیش کە لە چوارچێوەی پلانی ستراتیژی و کارنامە و هەنگاوەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دیدگای مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، بۆ چارەسەری کێشە لەمێژینەکان و گرفتەکان لە سات و کاتی خۆیدا. بەپێی پلان و بەرنامە و دیدگایەک کە جیهانبینی سەرۆکی حکوومەت بەدیار دەخات لە ئیدارەدانی وڵاتدا.
ساسان عەونی ڕاشیگەیاند، سێکتەری ئاوی خواردنەوە یەکێکە لەو سێکتەرانەی کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵی داوە لە ڕیزبەندی یەکەمی کارەکانی بێت. سەرەڕای هەر بارودۆخێکی سەختی ئابووری کە ڕووبەڕووی کوردستان و هاووڵاتیان و حکوومەتەکەی بۆتەوە. بۆیە دەبینین لە هەر شوێنێک پڕۆژەی ئاو پێویست بێت، سەرۆکی حکوومەت بڕیاری داوە کە پڕۆژەی گەورەی ئاوی بۆ دروست بکات، چارەسەری گرفتی کەمئاوی بۆ دەیان ساڵی داهاتوو بکات و هاووڵاتیان سوودمەند بن. هەر بۆ نموونە: پڕۆژەی فریاگوزاری خێرای گەیاندنی ئاو بۆ هەولێر، پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە - چەمچەماڵ، پڕۆژەی هێڵی سێیەمی ئاوی دوکان - سلێمانی، پڕۆژەی ئاوی بەردەڕەش، پڕۆژەی ئاوی خەبات، پڕۆژەی ئاوی کۆیە، فراوانکردنی پڕۆژەی ئاوی قەندیل، هەروەها چارەسەرکردنی گرفت و دەستپێکردنەوە و درێژەپێدان بە پڕۆژەی ئاوی 51 گوندی بارزان، پڕۆژەی ئاوی ئاکرێ، پڕۆژەی ئاوی دەربەندیخان، پڕۆژەی ئاوی دەربەندی ڕانیە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم پڕۆژەیە ئەگەرچی بە پڕۆژەی ئاوی قوشتەپە ناسراوە، بەڵام بەهۆی گەورەییەکەی و کاریگەرییەکەیەوە، جگە لە قەزای قوشتەپە، هاوکات ناحیەی بیستانە و زیاتر لە 72 گوند و چەندین ناوچەی دیکەی نیشتەجێبوون و ناوچەی پیشەسازیی، بەپێی ماستەرپلان بۆ ماوەی زیاتر لە 20 ساڵی داهاتوو لێی سوودمەند دەبن.دەشڵیت: ئەم پڕۆژەیە بە گوژمەی 222 ملیار دینار لەلایەن کۆمپانیایەکی خۆماڵی لێزان کە لە ماوەی ڕابردوو بە ڕۆژ و شەو دڵسۆزانە کاریان لە جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە کردووە و لە جێی ئەو بڕوایەی حکوومەت بوون کە کەرتی تایبەتی نیشتمانی هاوشانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەڵگرتنی بەرپرسیاریەتی و خزمەتکردنی هاووڵاتیان و توانیان لە ماوەی کەمتر لە ساڵێک پڕۆژەکە جێبەجێ بکەن.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار باسی لەوەشکرد، ئەم پڕۆژەیە لە ئێستادا سێ هەزار مەتر سێجا ئاو لە کاتژمێرێک بۆ 65 هەزار هاووڵاتی دانیشتووی ئەم سنوورە فراوانە دابین دەکات، توانای هەیە بە فراوانبوونی ئەم سنوورە تا 20 ساڵی دیکە بۆ 220 هەزار هاووڵاتی ئاو دابین بکات.
هەروەها لە ڕۆژی 17-9-2024، سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی بەردی بناغەی پرۆژەی ئاوی قوشتەپەی دانا. لە ڕۆژی 24-10-2024، گرێبەستەکە واژۆ کرا و لە ڕۆژی 17-12- 2024 دەستی بە کارەکانی کرد، و ئەمڕۆ پێنجشەممە، 23-10-2025، دوای کەمتر لە ساڵێک پرۆژەکە تەواو بوو و کەوتە کار.