ئومێد خۆشناو: کردنەوەی دوو سایدی فیدراڵی کۆیە بە حزبی کرا

پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند: پرۆژەی جووتسایدی فیدراڵیی قەزای کۆیە، لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بە بودجەی پارێزگای هەولێر جێبەجێ کراوە، نەوەک به بودجەی گشتیی یەکێتی نیشتمانی کوردستان.
پێنجشەممە، 23ـی تشرینی یەکەمی 2025، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: پرۆژەی جووتسایدی فیدراڵی لە قەزای کۆیە بە بڕی زیاتر لە 6 ملیار دینار بە ڕەزامەندی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و لەسەر بودجەی پارێزگای هەولێر جێبەجێ کراوە، بەڵام کردنەوەی پرۆژەکە بهبێ ئاگاداری و ئامادەبوونی پارێزگا، بە حزبی کرا و خودی جێگری سەرۆک وەزیران ئەوەی کرد لەگەڵ ئەوەی مافی بەشداریکردنی هەبوو لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی پرۆژەکە. دەشڵێت: ئەوەی میدیای یەکێتی نیشتمانی کوردستان باسی لێ دەکات و گوایە پرۆژەکە بە بودجەی گشتیی یەکێتی نیشتمانی کوردستان جێبەجێ کراوە، دوورە لە ڕاستی.
پارێزگاری هەولێر ڕاستی کێشەکانی پرۆژەکەی لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو خسته ڕوو و گوتی: ساڵی 2013 بەردی بناغەی ئەو شهقامه دانرابوو، لە 19ـی نیسانی 2022، سەردانی شاری کۆیەمان کرد و چەند پرۆژەیەکمان بەسەر کردەوە کە بەرپرسانی ئیدارەی کۆیەمان لەگەڵدا بوو، ئەو کاتە خەڵکی ئەو ناوچەیە هاتنە بەردەممان و داوای تەواوکردنی پرۆژەی جووتسایدی فیدراڵیان کرد و هەر ئەو شەوە پەیوەندیم بە سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی کرد و داخوازی خەڵکی کۆیەم پێیان گەیاند. دوای وەرگرتنی دەرخستەی پرۆژەکە لەلایەن ئیدارەی شاری کۆیە، دەرخستەکەمان پێشکەش بە نووسینگەی سەرۆک وەزیران کرد و ڕەزامەندیی سەرۆک وەزیران بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکە وەرگیرا کە بڕی زیاتر لە 6 ملیار دینار بوو.
ئومێد خۆشناو دەڵێت: هەر لەبەر ئەوە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران لای مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیران سکاڵای لە ئێمە کرد و داوای کرد پرۆژەکە دوا بخرێت، سەرۆک وەزیرانیش ڕایسپاردین پرۆژەکە زوو تەواو بکەین، ئەو کاتە بە سەرۆک وەزیرانم ڕاگەیاند کە، جێگری سەرۆک وەزیران نیازی ئەوەی هەیە پرۆژەکە بە کۆمپانیایەکی حزبی بدات، سەرۆک وەزیرانیش فەرمانی کرد دەرفەت بە کۆمپانیاکانی کۆیە بدرێت، بۆیە پرۆسەی تەندەرینگمان پەیوەست کرد بە کۆمپانیاکانی کۆیە، بۆیە لە 20ـی ئەیلوولی 2022، لە مەراسیمێکدا لە دیوانی پارێزگا بە ئامادەبوونی لایەنە پەیوەندیدارەکان سپاردنمان بۆ پرۆژەکە کرد کە بە بڕی 6 ملیار و 661 ملیۆن و 696 هەزار و 375 دینار ئەنجام درا و گرێبەستەکە لەگەڵ کۆمپانیای ساکار کرا بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکە، باڵام دواتر هەستمان کرد نایانەوێت ئەو پرۆژەیە ئەنجام بدرێت و نایانەوێت خزمەتی شاری کۆیە بکرێت، بەڵام لەبەر ئەوەی فەرمانێک بوو لەلایەن سەرۆک وەزیرانەوە بۆ خزمەتکردنی کۆیە بۆیە ڕێگری لێ کرا، ناچار بووین لە 2ـی تشرینی دووەمی 2022 ئاگادارییەکمان بە کۆمپانیای ساکار دا لەوەی پێویستە پرۆژەکە تەواو بکات وەک هەر پرۆژەیەکی دیکە، بەڵام کۆمپانیاكه هەر خەمسارد بوو، چەندین جار بە زارەکی و بە پەیوەندی و بە سەردانی نوێنەری کۆمپانیا بۆ پارێزگای هەولێر هەر ئاگادارمان کردنەوە، ئەوانیش داواکاری خۆیان دەخستە ڕوو، داواکارییەکانیان جێبەجێ دەکرا، بەڵام هەر خەمسار دبوون.
پارێزگاری هەولێر گوتی: جارێکی دیکە لە 9ـی ئابی 2023، هۆشداری بە کۆمپانیای ناوبراو درا لەوەی پێویستە کارەکەی تەواو بکات، لە ئەنجامدا بێئومێد بووین لە کۆمپانیای ساکار پرۆژەکە جێبەجێ بکات، بۆیە قایمقامیەت و سەرۆکایەتیی شارەوانی کۆیە بۆ ئەوەی پرۆژەکە جێبەجێ بکرێت، ئامادەیی کۆمپانیایەکی دیکەیان بە ئێمە دا. لە 3ـی کانوونی یەکەمی 2024، فەرمانێکی دیکەمان دەرکرد بەپێکهێنانی لێژنەیەک بۆ تۆمارکردنی واقیعحاڵی پرۆژەکە بۆ ئەوەی بزانرێت پرۆژەکە لە کوێ وەستاوە، لەوێوە پارە بدرێت بە کۆمپانیا نوێکە، ئەوە بوو لە 18ـی ئازاری 2025، وەرگرتنەوەی پرۆژەکە لە کۆمپانیای پێشوو کۆتایی هات، بۆیە قایمقامییەتی کۆیە پێشنیازیی کۆمپانیای دەلۆیان بۆ ئێمە کرد لە 5ـی تەممووزی 2025 و لە 15ـی تەممووزی 2025 نووسراوێکمان بۆ ئەنجوومەنی وەزیران کرد و ئامادەیی کۆمپانیای فیدراڵمان دەربڕی بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکە لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگا، دوای سێ ڕۆژ ڕەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران گەڕایەوە لە 16ـی ئەیلوولی 2025 و لە 11ـی ئەیلوولی 2025، ڕەزامەندیی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نیشان درا بە تەرخانکردنی بودجەی پرۆژەکە و بەردەوامبوونی بەمەرجی ئەوەی بەڵێننامەیەک لە کۆمپانیای جێبەجێکار وەربگیرێت کارەکە تەواو بکات. کۆمپانیای دەلۆ لە 7ـی تەممووزی 2025 بەڵێننامەکەی لەڕێگەی دادنووسەوە دا و پێشکەشی پارێزگای هەولێری کرد، لە بەڵێننامەکەدا هاتووە، کۆمپانیای دەلۆ تاوهکوو تەواوکردنی شەقامی 40 مەتری فیدراڵی کۆیە، داوای هیچ بڕە پارەیەکی دیکە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان نەکات تا ئەو کاتەی پرۆژەکە بە تەواوکراوی ڕادەست دەکرێت و باری دارایی حکوومەت لەبار دەبێت.
پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، کۆمپانیاکە پرۆژەکەی لەسەر بودجەی پارێزگای هەولێر جێبەجێ کردووە، بۆیە ناکرێت جێگری سەرۆکی حکوومەت پرۆژەکە بە حزبی بکات. ههروهها دەڵێت: ئەو هەڵوێستە سوورمان دەکات لەوەی زیاتر خزمەتی کۆیە بکەین، لەوانەش جووتسایدی هەولێر-کۆیە کە بەڕێگەی مەرگ ناسراوە زوو تەواو بکەین، هاوکات ئەو پرۆژەیە و چەندین پرۆژەی زۆر باشتر پێشکەش بە کۆیە بکەین. گوتیشی: ئەمڕۆ سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی پرۆژەکەی کرد کە دەبوو بە پێی ماوەی دیاریکراو پرۆژەکە سەدا 20ـی تەوا بکرێت، بەڵام ئێستا سەدا 30ـی تەواو کراوە، هەر ئەمڕۆ سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆمپانیای جێبەجێکاری ڕاسپارد بە بەرزترین کوالێتی پرۆژەکە جێبەجێ بکات و لە ماوەی دیاریکراوی خۆیدا پرۆژەکە تەواو بکات.
پارێزگاری هەولێر ئاشکرای کرد کە خەڵکی کۆیە لە ڕێگەی قایمقامییەتەوە داوای پرۆژەی ئاویان کردووە و بۆ ئەمەش داواکارییەکمان پێشکەش کراوە بەبەهای زیاتر لە 112ملیار دینار بۆ دروستکردنی پرۆژەی ئاوی کۆیە، لە نزیکترین کاتدا پرۆژەکە دەست پێدەکەین، داواکاریەکمان بۆ سەرۆک وەزیران بەرز کردووەتەوە و سەرۆکی حکوومەت ڕەزامەندی دا و دەست بە ڕێکارە یاساییەکانی پرۆژەکە کرا.