ڕاپۆرتەکان: نزیكه‌ی نیوه‌ی عێراقییه‌كان برسی و بێكار و نه‌خۆشن

هەژاری لە عێراق چیتر ژمارەیەکی تۆمارکراو لە ڕاپۆرتی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان نییە، بەڵکوو وێنەی بێبەشبوونێکی ئاڵۆز و تێکئاڵاو و ئاماژەیەکی ڕوونی بێتوانایی دامەزراوە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی ئه‌و وڵاته‌یه‌ كه‌ حكوومه‌ته‌ یه‌ك له‌ دوای یه‌كه‌كان به‌تایبه‌تی له‌ دوای ساڵی 2003ـه‌وه‌، نه‌ك نه‌یانتوانیوه‌ چاره‌سه‌ری ئه‌م دۆخه‌ بكه‌ن، به‌ڵكوو ئه‌وه‌نده‌ی دیكه‌ باری هه‌ژارانی وڵاتیان گرانتر كردووه‌.

دوایین ڕاپۆرتەکان دەریدەخەن کە 36.8%ـی عێراقییەکان، کە دەکاتە نزیکەی 17 ملیۆن کەس، بەدەست هەژاری هەمەلایەنەوە دەناڵێنن و هه‌ر پێنج بواری خوێندن، تەندروستی، کار، ئاستی ژیان و بەرگەگرتنی ڕووداوه‌ كاره‌ستبار و شۆکەکان ده‌گرێته‌وه‌.

لە راپۆرتەکاندا هاتووە کە 17.5%ـی عێراقییەکان بەدەست کەمی داهاتەوە دەناڵێنن، تێکڕای داهاتی مانگانەیان کەمترە لە 137 هەزار دیناری عێراقی، ئەم بڕە لەلایەن وەزارەتی پلاندانانی عێراقەوە وەک ستانداردی هێڵی هەژاری دیاریی کراوە.

بەگوێرەی داتاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ساڵی 2025، هەژاری لە عێراق هێشتا نزیکەی 17.7ـی دانیشتووانە، کە ئاماژەیە بەوەی هەژاری لە عێراق چیتر تایبەت نییە بەو کەسانەی داهاتیان کەمە، بەڵکوو لاوازی ژێرخانی خزمەتگوزاری و دەرفەتی کاریش دەگرێتەوە.

بەپێی داتایەکی ئەم دواییانەی نەتەوە یەکگرتووەکان، نزیکەی نیوەی منداڵانی عێراقی لە ئاستی خواره‌وه‌ی هەژاریدان، ئەمەش واتە هەژاری لە عێراق لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی دیكه‌ بەردەوامە.

ئامارەکان باس لەوە دەکەن کە بەشداریی ئافره‌تانیش لە بازاڕی کاردا تەنیا 11%ـه‌ کە پێوەرێکی نوێی هەژارییە بۆ ئافره‌تان و خێزانەکان.

 
 
Fly Erbil Advertisment