عراقچی: دووبارەکردنەوەی ئەزموونێکی شکستخواردوو تەنیا شکستێکی نوێ بەدوای خۆیدا دێنێت

عەباس عراقچی
عەباس عراقچی

 عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە چوارچێوەی کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ناوخۆیی لە شاری مەشھەد، وەڵامی لێدوانەکانی ڕافایێل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی دایەوە و هۆشداری دا بەو کەسانەی کە هەڕەشە دەکەن. 

ئاژانسی تەسنیم بڵاوی کردووەتەوە، عراقچی ڕایگەیاندووە"نازانم ئایا ئەو لێدوانانەی ڕافایێل گرۆسی لە ترسی دۆخەکەیە یاخود بە مەبەستی ھەڕەشەکردن بووە". 

وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی: پێویستە ئەوانەی ھەڕەشەی لەم شێوەیە دەکەن، بزانن کە دووبارە کردنەوەی ئەزموونێکی شکستخواردوو تەنیا شکستێکی نوێیان بۆ دەھێنێت. 

ئەم لێدوانانەی عراقچی دوای ئەوە دێن کە ڕافایێل گرۆسی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی وزەی ئەتۆم سەبارەت بە ھێرشەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیل و ئەمەریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران چەند لێدوانێکی دابوو کە دیارترینیان بریتیبوون لە:

- زیانەکانی دامەزراوەکانی ئەسفەھان، نەتەنز و فۆردۆ زۆر قورس بوون"، بەڵام سەرەڕای لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ سەبارەت بە "وێرانکردنی سەرتاسەری" زانیارییە تەکنیکییەکانی ئێران هێشتا وێران نەکراون.

- زۆربەی یۆرانیۆمی پیتێنراو ھێشتا لە ئەسفەھان، نەتەنز و فۆردۆ ماونەتەوە.

- ھیچ بەڵگەیەکمان لەبەردەستدا نییە کە ئێران هەوڵی دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی دابێت، ئاژانسەکە پێش ھێرشەکانی ئیسرائیل پشکنینی بۆ ئەو دامەزراوە ئێرانییانە کردووە و پشتڕاستبوونەتەوە  کە ئێران بەرەو بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی هەنگاوی نەناوە.

ھەروەھا گرۆسی ئاماژەشی دا، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە ڕێگەی وێنەی مانگی دەستکردەوە بەردەوامە لە چاودێریکردنی ئەم دامەزراوانە و ئەو وڵاتانەش کە چاودێریی پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران دەکەن  گەیشتوونەتە ھەمان ئەو ئەنجامانەی کە ئاژانسەکە پێی گەیشتووە.

ڕۆژی 22ی حوزەیران 2025، ئەمەریکا سێ دامەزراوەی ئەتۆمی ئێرانیان بە ئامانج گرت کە بریتیبوون لە،  وێستگەی پیتاندنی یۆرانیۆمی فۆردۆ، دامەزراوەی ئەتۆمی نەتەنز و ناوەندی تەکنەلۆژیای ئەسفەهان لەژێر ناوی "ئۆپەراسیۆنی چەکووشی نیوەشەو".

 
Fly Erbil Advertisment