داودئۆغلو: ئەردۆغان لە كۆرۆنا مەترسیدارترە لە سەر جیھان

سیستەمی ئێستا تەنھا قەیران بەرھەم دێنێت

K24 – ھەولێر:

سەرۆكی پارتی ئایندەی توركیا "ئەحمەد داودئۆغلو" رایگەیاند، سەرۆكی توركیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە ڤایرۆسی كۆرۆنا مەترسیدارترە لە سەر جیھان.

داودئۆغلو گوتی: مەترسی ھەرە گەورە لە سەر ئەوروپا و جیھان كلتووری داپڵۆسێنكارییە، كە لە لایەن سەركردە شۆڤینییەكانەوە بڵاوكراوەتەوە، وەك ئاماژەیەك بۆ ئەردۆغان.

ھەروه‌ھا ئەو بەرھەڵستكارەی توركیا رەخنەی لە سیستەمی سەرۆكایەتی وڵات گرت و جەختیكردەوە لەوەی ئەو سیستەمە مۆركی بێ بەھرەیی و خۆسەپاندن و توندیی پێبەخشیوە.

داودئۆغلو، داواشیكرد، پێویستە بگەڕێینەوە بۆ سیستەمی پەرلەمانی، چونكە سیستەمی ئێستا تەنھا قەیران بەرھەم دێنێت.

پێش چەند رۆژێك داودئۆغلو دیسانەوە داوای ھەڵبژاردنی پێشوەختەی كردەوە، كە لە سەرەتای مانگی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ بەرھەڵستكاران بانگەشەی بۆ دەكەن و جەختدەكەنەوە، لەوەی رژێمی توركیا وڵاتی دووچاری شكاندنەوە كردەوە لە دەرەوە.

پێش چەند رۆژێك لە ئیستانبوڵ لەبەردەم سەرۆك لقەكانی پارتەكەی لە پارێزگەكان داودئۆغلو، كە پشتر سەرۆكی پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار بووە، لە گوتەیەكدا گوتی: "تا ھاووڵاتیان بەدەست ھەژاری بناڵێنن و گەندەڵییەكی گەورەش ھەبێت وڵاتەكەمان لە دەرەوە بشكێنرێتەوە، جارێكی دی دەڵێین و ھەموو رۆژێكیش داوای ھەڵبژاردنی پێشوەختە دەكەین".

سەرۆكی پارتی ئایندە، رەخنەی لە سیاسەتەكانی دەرەوەی ئەردۆغان گرت و گوتی: پێوەری دەوڵەتی خێڵەكی نابژاردەییە، بەڵام بژاردە پێوەری دیموكراتییە، ئەردۆغان ده‌ڵێت: برۆنسون (قەشە ئەمەریكییەكە) تا لە ژیاندا بێت كەس ناتوانێت بیبات، دواتر ھەڕەشەیەكی پێدەگات و یەكسەرە واز لە برۆنسون دێنێت و ئازادی دەكات. ئەمە چەمكی دەوڵەتی خێڵەكییە، نامەیەك لە سەرۆكی دەوڵەتێك بەدەستت بگات و پێتبڵێت، ئەحمەق مەبە. ئەمە چەمكی دەوڵەتی خێڵه‌كییە.