مادورۆ ئەمەریکا بە هەڵگیرساندنی جەنگێکی نوێ تۆمەتبار دەکات
نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکای بەوە تۆمەتبار کرد کە هەوڵی هەڵگیرساندنی جەنگێکی نوێ دەدات، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ زۆربوونی جموجۆڵی سەربازیی واشنتن لە دەریای کاریبی و جێگیرکردنی کەشتییەکی فڕۆکەهەڵگر لە ناوچەکەدا.
مادورۆ لە لێدوانێکدا بۆ میدیای فەرمیی وڵاتەکەی گوتی: "ئەوان خەریکی دروستکردنی جەنگێکی نوێن. بەڵێنیان دابوو جارێکی دیکە تووشی جەنگ نەبنەوە، بەڵام ئێستا جەنگێکی دروست دەکەن، ئێمە ڕێگری لێدەکەین."
پنتاگۆن، ڕۆژی هەینی جێگیرکردنی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "یو ئێس ئێس جێراڵد ئاڕ فۆرد"ی ڕاگەیاند، بە بیانووی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێکخراوەکانی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان لە ئەمەریکای لاتین.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە ئەیلوولی ئەمساڵ هەڵمەتێکی سەربازیی لە کاریبی دەستپێکرد، بە وتەی خۆی "بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان" کردووەتە ئامانج و تێیدا 10 فڕۆکەی جەنگیی ئێف-35 و هەشت کەشتیی هێزی دەریایی بەشداربوون. بەهۆی ئەو هێرشانەوە زیاتر لە 40 کەس کوژراون، کە حکوومەتی ڤەنزوێلا و خێزانەکانیان دەڵێن زۆربەیان هاووڵاتیی مەدەنی و ماسیگر بوون.
واشنتن ڕۆژی پێنجشەممە مانۆڕی سەربازیی هاوبەشی لەگەڵ ترینیداد و تۆباگۆ لە نزیک کەناراوەکانی ڤەنزوێلا ڕاگەیاند. بڕیارە کەشتیی جەنگی ئەمەریکی "USS Gravely" لە نێوان 26 بۆ 30ـی ئۆکتۆبەر بگاتە ناوچەکە و مانۆڕی هاوبەش ئەنجام بدرێت.
