خەلیل حەییە: لەگەڵ بزووتنەوەی فەتح گەیشتووینەتە لێکگەیشتنێک

خەلیل حەییە، بەرپرسی بزووتنەوەی حەماس لە کەرتی غەززە و سەرۆکی دانوستکاری حەماس ڕایگەیاند، بزووتنەوەکەی ئامادەیە تەواوی بەرپرسیارێتییە ئیداری و ئەمنییەکانی کەرتی غەززە ڕادەستی "لیژنەیەکی نیشتمانی" بکات و هیچ تێبینییەکی لەسەر هیچ کەسایەتییەکی نیشتمانی نییە بۆ بەڕێوەبردنی کەرتەکە.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "ئەلجەزیرە"، حەییە ئاشکرای کرد، حەماس و بزووتنەوەی فەتح گەیشتوونەتە لێکگەیشتنێک سەبارەت بە جێگیرکردنی هێزێکی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ چاودێریکردنی ئاگربەست. گوتیشی، هەموو لایەنە فەڵەستینییەکان کۆکن لەسەر ئەوەی کە نەتەوە یەکگرتووەکان بەرپرسیارێتیی ئاوەدانکردنەوەی غەززە لە ئەستۆ بگرێت.

حەییە ئاماژەی بەوەشکرد، لە دیدارێکدا بەرپرسانی ئەمەریکی (ویتکۆف و کوشنەر)ی ئاگادار کردووەتەوە کە حەماس بزووتنەوەیەکە بەدوای سەقامگیریدا دەگەڕێت و پێی وتوون، "دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، توانای سنووردارکردنی داگیرکاریی ئیسرائیلی هەیە".

سەرکردەکەی حەماس پێیوابوو کە ئەو "شکستە مێژووییەی" تووشی ئیسرائیل بووە، پاشەکشەیەکی گەورەی بە داگیرکارییەکە کردووە. جەختیشی کردەوە: "ئەگەر داگیرکاری کۆتایی بێت، ئەو چەکانە دەگەڕێنرێنەوە بۆ دەوڵەتی فەڵەستین".

سەبارەت بە پرسی دیلەکان، گوتی ئەمە پرسێکی نیشتمانیی لەپێشینەیە و بزووتنەوەکەی هەموو هەوڵێک دەدات بۆ کۆتاییهێنان بە ئازاریان، هەرچەندە دانوستانەکان بەهۆی بێدەنگیی ئیسرائیلەوە لەسەر زۆرێک لە ناوە پێشنیازکراوەکان، هێشتا بەردەوامن.

حەییە دۆخی مرۆیی غەززەی بە "کارەساتبار" وەسفکرد و گوتی: "کەرتی غەززە ڕۆژانە پێویستی بە نزیکەی شەش هەزار بارهەڵگری هاوکاریی هەیە، نەک 600 بارهەڵگر کە ئێستا دەگات". ناوبراو ئیسرائیلی بە دروستکردنی ئاستەنگ لەبەردەم گەیشتنی هاوکارییەکان تۆمەتبار کرد.

لە کۆتاییدا هۆشداریدا پێشێلکارییە بەردەوامەکانی ئاگربەست لەلایەن ئیسرائیلەوە، ڕێککەوتنەکە دەخاتە مەترسییەوە و داوای پابەندبوونی تەواوی کرد بۆ پاراستنی سەقامگیری لە کەرتەکەدا.

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment