نوێنەری پرۆژەی مێگەل: ئەم پڕۆژەیە هەزاران هەلی کار دەڕەخسێنێت

ئەمڕۆ یەکشەممە، 26ـی تشرینی یەکەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی کشتوکاڵی و ئاژەڵداری 'مێگەل'ـی کردەوە.

لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی پرۆژەی سەربڕخانەی 'مێگەل' نەزیر مامەند، نوێنەری پرۆژەکە گوتی: ئەم پڕۆژەیە شۆڕشێکە لە کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازیی خۆراک لە ناوچەکەدا و ئامانجی سەرەکیی پڕۆژەکەش پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری و دابینکردنی هەلی کارە بۆ هاووڵاتییان.

ئاماژەی بەوەشدا، پڕۆژەی "مێگەل" لە ساڵی 2022، دەست بە دروستکردنی کراوە و تا ئێستا نزیکەی 100 ملیۆن دۆلاری تێچووە. پڕۆژەکە لەسەر ڕووبەری 960 هەزار مەتر دووجا دروستکراوە و چەندین کارگە و یەکەی بەرهەمهێنانی گۆشت و بەرهەمە گۆشتییەکان لەخۆدەگرێت.

ڕاشیگەیاند، پڕۆژەکە بە نوێترین تەکنەلۆژیای سەردەم کار دەکات و خاوەنی چەندین بڕوانامەی نێودەوڵەتییە، ئەمەش وایکردووە کە جگە لە دابینکردنی پێداویستیی ناوخۆ، توانای هەناردەکردنی گۆشتی بۆ وڵاتانی دەرەوەش هەبێت.

گوتیشی: بە درێژاییی جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە نزیکەی 120 کۆمپانیای ناوخۆ و بیانی و هەروەها بەڵێندەر بەژدار بوون لە دروستکردنی ئەم پڕۆژەیە و تێچووی ئەم پڕۆژەیەش تا ئەم ساتە نزیکەی 100 ملیۆن دۆلار بووە.

نوێنەری پرۆژەکە باسی لەوەشکرد، بێگومان بە تەواوبوونی ئەم پڕۆژەیە، هەزاران هەلی کار بەردەست دەبێت، هەروەها لە یاساکانی کۆمپانیای مێگەلدا وا بووە کە هەر لەسەرەتاوە ئەو بەڕێزانەی لەم پڕۆژەیەدا کاریان کردووە، هەموویان کرێکار و ئەندازیار و کارمەندی ناوخۆ بوون.

 

 

Fly Erbil Advertisment