ئەمەریکا ڕێککەوتنێکی کاتی لەگەڵ چین لەسەر کانزا دەگمەنەکان و بەرهەمە کشتوکاڵییەکان ڕاگەیاند
وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا، ڕێککەوتنی کاتی لەگەڵ چین لەسەر دواخستنی سنووردارکردنی هەناردەی کانزا و کڕینی بەرهەمی کشتوکاڵی ڕاگەیاند و گوتی: ئەم ڕێککەوتنە دەبێتە هۆی دواخستنی باجە گومرگییەکانی سەر ئەو وڵاتە.
یەکشەممە 26ـی تشرینی یەکەمی 2025، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ABC ئاماژەی بە ڕێککەوتنێکی کاتی لەگەڵ چین بۆ دواخستنی سنووردارکردنی هەناردەی کانزا دەگمەنەکان و دەستپێکردنەوەی کڕینی سۆیای ئەمەریکی کرد، کە ئەمەش دەبێتە هۆی ڕێگریکردن لە زیادکردنی باجی گومرگی ئەمەریکا لە سەر ئەو وڵاتە..
بێسێنت ڕاشیگەیاند، پێی وایە ڕێگری لە سەپاندنی باجی گومرگی بە ڕێژەی %100 بۆ سەر چین کردووە، کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بڕیاری دابوو لە 1ی تشرینی دووەم باجەکە بسەپێنێت.
سەبارەت بە سنووردارکردنی هەناردەکردنی ئەو کانزایانە، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا گوتی: چین بۆ ماوەی ساڵێک ئەو سنووردارکردنە دوای دەخات. دەشڵێت: لە گفتوگۆکاندا لەگەڵ هی لیفێنگ، جێگری سەرۆک وەزیرانی چین، لە کوالالامپور ڕەزامەندی لەسەر کڕینی بەرچاوی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان دەربڕیوە.
دوێنێ شەممە سەرۆکی ئەمەریکا سەبارەت بە ڕێککەوتنی بازرگانیی لەگەڵ سەرۆکی چین ڕایگەیاندبوو، پێی وایە دەتوانێت لەگەڵ شی جین پینگ بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی بازرگانیی توندی نێوانیان بگاتە "ڕێککەوتنێکی گشتگیر".
هەروەها بڕیارە لە هەفتەی داهاتوو شی جین پینگ، سەرۆکی چین و ترەمپ کۆببنەوە.
