لە هەر 48 کاتژمێرێکدا ئافرەتێک لە ئێران دەکوژرێت
لە تازەترین ڕاپۆرتدا دەربارەی مافەکانی مرۆڤ، بە تایبەتی ئافرەتان، دەرکەوتووە لە سەرەتای ئەمساڵەوە لە ناوچە جیاوازەکانی ئێران، لانیکەم 63 ئافرەت لەلایەن کەسە نزیکەکانیانەوە کوژراون.
شارەزایان پێیان وایە هۆکاری جیاواز لە پشتی حاڵەتەکانی کوشتن هەن، لەوانە نەریتی پیاوسالاری و کوشتن، بە پاساوی شەرەف و نەبوونی یاسای پارێزەر و شێڵتەری داڵدەدانی ئافرەتان.
زەهرا ئیفتیخارزادە، بەڕێوەبەری شێڵتەری داڵدەدانی ئافرەتانی ئاتنا لەمبارەیەوە ڕایگەیاند: هەر دوو ڕۆژ جارێک حاڵەتێکی کوشتنی ئافرەتان تۆمار دەکرێت.
ئیفتیخارزادە ڕەخنەی لە حکوومەتی ئێران دەگرێت و ئاماژەیداوە، هیچ دامەزراوەیەکی فەرمی نییە بۆ کۆکردنەوەی زانیاریی لەسەر ئەو تاوان و پێشێلکاریانەی بەرانبەر بە ئافرەتان دەکرێت، دەشڵێت: تەنیا لە شاری شادگانی پارێزگای ئابادان لە یەک مانگدا پێنج ئافرەت کوژراون.
ڕاشیگەیاندووە: نەریتی پیاو سالاری، پاساوی شەرەف، توندوتیژی بەهۆی گرفتی دارایی و ئابووری، نەبوونی پاڵپشتی یاسایی، بێدەنگی کۆمەڵایەتی و لاوازی پەروەردە و گرنگی نەدانی دامەزراوە فەرمییەکان بە ڕێگری لە توندوتیژی خێزانی، هۆکاری حاڵەتەکانی کوشتنی ئافرەتانە لە سەرتاسەری ئێران.
زەهرا ئیفتیخارزادە دەڵێت: پێویستە دامەزراوە فەرمییەکان لە قۆناغی سەرەتای کێشەکانەوە لە بری بێدەنگبوون و کەمتەرخەمی، ڕێگری لە توندتیژییەکان بکات، بۆ ئەوەی نەگاتە حاڵەتی کوشتن، بەڵام بێدەنگی دامەزراوەکان لە ئاستێکدایە کە رووداوەکان خۆیان دەدوێن.
ئەو بەڕێوەبەرەی شێڵتەری داڵدەدانی ئافرەتان داواکارە ئەم ڕێکارانە بگیرێنە بەر:
- پەسەندکردنی یاسای یەکسانی ڕەگەزی بەبێ جیاکاری
- ڕیگری لە هاوسەرگیری پێش وەختە و دیاریکردنی تەمەنی هاوسەرگیری.
- بڵاوکردنەوەی هۆشیاری خۆپارێزی لە توندتیژی لە رێگەی میدیاکانەوە.
- دانانی هێڵی گەرم و فریاکەوتنی کۆمەڵایەتی و زیادکردنی شیڵتەرەکانی داڵدەدانی ئافرەتان.
بە گوێرەی تازەترین ڕاپۆرتی ناوەندی کۆمەڵەی چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤی ئێران، تەنیا لە ساڵی ڕابردوودا لانیکەم 158 حاڵەتی کوشتنی ئافرەتان تۆمارکراوە، 125 حاڵەتیان بە هۆکار نادیار و ناکۆکی خێزانی و 33 حاڵەتیشیان بە پاساوی شەرەف کوژراون، هەر لە هەمان ساڵدا 16 هەزار و 567 حاڵەتی توندوتیژی خێزانی دژی ئافرەتان تۆمار کراوە.
