بەم نزیکانە کارەبای ئیدارەی ڕاپەڕین دەبێتە 24 کاتژمێری

بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، پرۆژەی ڕووناکی سێ مانگ زووتر لە وادەی دیاریکراو لە شاری ڕانیە و تەواوی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین جێبەجێ دەکرێت، ئێستاش پێوەری زیرەک بۆ ماڵان دەبەسترێت.

یەعقووب عەلی، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی کارەبای ڕاپەرین، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لە مانگی ئەیلوولەوە بەڕێوەبەرایەتیی دابەشکردنی کارەبای ڕاپەڕین دەستیکردووە بە چاککردنی محاویلەکان و تۆڕەکانی دابەشکردنی کارەبا، وەکو ئامادەکارییەک بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەی ڕووناکی و هەروەها بۆ ئەوەی لە وەرزی زستاندا هیچ کێشە و گرفتێکی تەکنیکی دروست نەبێت.

گوتیشی: قۆناغی ئامادەکاری بۆ کارەبای 24کاتژمێری تەواو بووە، دوو ڕۆژە دەستکراوە بەوە هەر ماڵێک پێوەری کارەبای نەبێت، تیمەکانی فەرمانگەی کارەبا بۆیان دەبەستن و ئەو ماڵانەشی پێوەری کۆنیان هەیە بۆیان دەگۆڕن دەیکەنە پێوەری زیرەک.

هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاراس ئەمین، پەیامنێری کوردستان24، لە ڕاپەرین، بڕیار وابوو پرۆژەی ڕووناکی مانگی شوباتی 2026 بخرێتە کار، بەڵام پێشخراوە و زووتر لەو وادەی بۆی دیاریکراوە جێبەجێ دەکرێت.

پەیامنێری کوردستان24، ئاماژەی بەوە دا، لە کۆتای مانگی تشرینی دووەم کارەبای 24 کاتژمێری لە چوارچێوەی پرۆژەی ڕووناکی سەرتاسەری سنووری ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین دەگرێتەوە.

مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2024 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پرۆژەی ڕووناکی ڕاگەیاند؛ دواتر لە ئایاری ئەمساڵدا، ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کۆی دەنگ بڕیاری لەسەر نرخە نوێیەکانی کارەبا دا، لە چوارچێوەی پرۆژەی ڕووناکی بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پلانیدایە لە ڕێگەی پرۆژەی ڕووناکی کارەبای 24 کاتژمێری بۆ هەموو کوردستان دابین بکات تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026، هەروەها ئێستا سەنتەری شارەکانی هەرێمی کوردستان کارەبای 24 کاتژمێرییان بۆ دابین کراوە و بەشێوەیەکی گشتیی 50%ـی دانشتووانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پرۆژەی ڕووناکی لە کارەبای 24 کاتژمێری سوودمەندبوون.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment