مۆساد پیلانێکی ئێرانی دژی کوشتنی جووەکان ئاشکراکرد

وێنەی سوپای پاسداران
وێنەی سوپای پاسداران

دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل "مۆساد"، سوپای پاسدارانی ئێرانی بەوە تۆمەتبار کرد کە لە پشت زنجیرەیەک هەوڵی هێرشکردنە سەر ئامانجی جوو و ئیسرائیلییەکانەوە بووە لە چەندان وڵاتی جیهان لە ماوەی ساڵانی 2024 و 2025.

بەگوێرەی بەیاننامەیەک کە لەلایەن نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلەوە بڵاوکراوەتەوە، "مۆساد ئەفسەرێکی باڵای سوپای پاسداران بە ناوی "سەردار عەمار"ی وەک سەرپەرشتیاری سەرەکی ئەو پیلانانە دەستنیشان کردووە." لە بەیاننامەکەدا هاتووە؛ "ئەم تۆڕە لەژێر فەرمانی ڕاستەوخۆی ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی هێزی قودس، کاری کردووە و هەوڵی داوە هێرشی تیرۆریستی لە وڵاتانی وەک ئوسترالیا، یۆنان و ئەڵمانیا ئەنجام بدات."

مۆساد ئاشکرای کردووە، "تۆڕەکە تاکتیکی "تیرۆر بەبێ پەنجەمۆری ئێران"ی پەیڕەو کردووە، بەجۆرێک کە پشتی بە "بەکرێگرتنی کەسانی بیانی، بەکارهێنانی تاوانباران و پەیوەندیی کۆدکراو" بەستووە. ئامانج لەم تاکتیکە ئەوە بووە ئێران بتوانێت خۆی لە بەرپرسیارێتی ئەو هێرشانە بدزێتەوە."

بەگوێرەی زانیارییەکانی مۆساد، "هەوڵە هەواڵگرییە هاوبەشەکان لەگەڵ دەزگا هەواڵگرییەکانی وڵاتانی هاوپەیمان بووەتە هۆی پووچەڵکردنەوەی دەیان پیلان و بەمەش ژیانی چەندان کەسی بێتاوان ڕزگار کراوە. لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە ئەم تۆڕە ڕاستەوخۆ بەرپرسیار بووە لەو هەوڵانەی ئیسرائیلییەکان و جووەکان لە ناوخۆ و دەرەوەی ئیسرائیل کردووەتە ئامانج."

لە مانگی ئابی 2025، حکوومەتی ئوسترالیا باڵیۆزی ئێرانی، ئەحمەد سادقی، لە وڵاتەکەی دەرکرد و هەنگاوی ناوە بۆ ناساندنی سوپای پاسداران وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی. ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات کە دەزگای هەواڵگری ئوسترالیا پەیوەندی لەنێوان تاران و هێرشە ئاگرتێبەردانەکانی سەر پەرستگایەکی جووەکان لە مێلبۆرن و چێشتخانەیەک لە سیدنی دۆزییەوە. هاوکات، ئەڵمانیاش باڵیۆزی ئێرانی بانگهێشت کردووە دوای دەستگیرکردنی گومانلێکراوێک بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بەسەر دامەزراوە جووەکانەوە لە بەرلین.

لە ساڵی 2024دا پۆلیسی یۆنان چەندان گومانلێکراوی ئێرانی و ئەفغانییان دەستگیر کرد کە تۆمەتبار کرابوون بە پیلاندانان بۆ هێرشی ئاگرتێبەردان بۆ سەر هۆتێلێکی ئیسرائیلی و پەرستگایەکی جووەکان لە ئەسینای پایتەخت.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment