لە نەینەوا نرخی کارتی دەنگدان گەیشتووەتە نیو ملیۆن دینار
ئەحمەد جبووری، پەرلەمانتار و نوێنەری پارێزگای نەینەوا لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت: بازاڕی ڕەشی کڕین و فرۆشتنی کارتی دەنگدان گەرموگوڕە، بە تایبەت لە باشووری شاری مووسڵ، دیاردەی کڕینەوەی کارتی دەنگدان زیادی کردووە و نرخی هەر کارتێکی دەنگدان گەیشتووە 500 هەزار دیناری عێراقی.
بە نزیکبوونەوەی وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق، لەگەڵ گەرموگوڕبوونی بانگەشەی هەڵبژاردن لەلایەن کاندیدان و لایەنە سیاسییەکان؛ مامەڵەکردن بە کارتی دەنگدانیش خرۆشاوە، بەڵام بە گوتەی ئەحمەد جبووری مامەڵە و کڕینەوەی کارتەکانی دەنگدان بۆ سووتاندنی کارتی دەنگدانە بۆئەوەی خەڵک بەشداری دەنگدان نەکەن.
هەرچەندە ئەو پەرلەمانتارە ناوی هیچ کەس و لایەنێکی ئاشکرا نەکردووە، ئەوانەی کارتی دەنگدەران دەکڕنەوە، بەڵام ئەمە لە کاتێکدا کە تەنیا 15 ڕۆژ ماوە بۆ هەڵبژاردن و دەنگدانی گشتی، هاوکات پارێزگای نەینەوا دووەم گەورەترین بازنەی هەڵبژاردنە لە عێراق کە 34 کورسی لە خۆ دەگرێت.
بە گوتەی جبووری ئەوانەی کارتەکان دەکڕنەوە، تەنیا کارتەکە سڕ دەکەن بێ ئەوە دەنگ بە هیچ کاندیدێک بدەن، بۆ هەر کارتێکیش 500 هەزار دینار دەدەن.
ئەو پەرلەمانتارە هۆشداریی لە مەترسی دیاردەکە دەدات و دەڵێت: "پێویسته هێزه ئهمنییهکان بهدواداچوون بۆ ئهوانه بکەن، کە کارتهکانی دهنگدانیان دهفرۆشن و ئهوانهشی له پشت ئهم دیارده مهترسیدارهوهن، چونکه ئهمه بهشداریی دهنگدهران لاواز دهکات و کاریگهریی لهسهر نوێنەرایهتی باشووری مووسڵ لە پەرلەمان دهبێت کە ناوچهیهکە کە بەڕێژەیەکی بەرز بەشداریی لە ههڵبژاردنەکاندا دەکەن."
جبووری داوای له پیاوانی ئایینی، سهرۆک هۆزهکان و ڕووناکبیران دەکات، "هۆشیاریی گشتی دهربارهی مەترسییەکانی ئهم دیاردهیه ڕوون بکەنەوە؛ دەشڵێت: ئەم کێشەیە یەکێکە لە ئاستەنگەکانی پاکیی هەڵبژاردن لە عێراق و پێویستی بە هەنگاوێکی خێرای لایەنە پەیوەندارەکانە بۆ پاراستنی پرۆسەی دیموکراسی و بەدیهێنانی دادپەروەری.
بڕیارە 11-11-2025، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت.
