پێکەوە ژیان لە هەولێر؛ سەرمایەیەک بۆ نەوەکانی داهاتوو

دانیشتوانی هەولێر، بە کورد  و تورکمان، بە کریستیان و موسڵمانەوە بەم پێکەوەژیانە دڵخۆشن و بە هەوێنی پێشکەوتن و ئاوەدانیی دەزانن.

قەیسەریی هەولێرە، دەیان ساڵە بەوە ناسراوە کورد و تورکمان لەم بازارەدا  پێکەوە کار و کاسبیی خۆیان دەکەن.

 مام ئازاد قاوەچی، مامۆستایەکی خانەنشینە و ڕۆژانە سەردانی دوکانداران و کاسبکارانی ئێرە دەکات، ئەو، بە نەتەوە تورکمانە و زۆربەی هاورێکانی کوردن، لەگەڵ مام غازی، جیا لە هاوڕێیەتی، پەیوەندی خێزانیشیان هەیە. مام غازی کوردە و بە هۆی ئەو هاتوچۆ و پەیوەندییەوە فێری زمانی تورکمانی بووە. ئەوان دەڵێن: "ئێمە براین و دڵمان یەکە و هیچ شتێک لێکمان جیاناکاتەوە و پێکەوەژیانی نەتەوەکان بە پێشكەوتن دەزانین."

مام ئازاد قاوەچی، بە کوردستان24ـی گوت: لە هەولێر، هەرگیز جیاوازی لە نێوان پێکهاتەکاندا نەبووە. کەس نەیگوتووە ئەمە کوردە، ئەمە تورکمانە، ئەمە جوولەکەیە یان مەسیحییە. هەمووان وەک برا پێکەوە دەژین و ژن و ژنخوازیی لە نێوانماندا هەبووە و هەیە.

غازی ئەحمەدیش گوتی: دەیان ساڵە لەگەڵ مام ئازاد دراوسێ ماڵ و کاسبین، هەرگیز کێشە و گرفتمان نەبووە. نەک تەنیا لەگەڵ تورکمان، لەگەڵ مەسیحییەکانیشدا تێکەڵاوی و دۆستایەتییمان هەیە و بەبێ جیاوازیی پێکەوە دەژین. 

هەولێر، بە هۆی فرە ڕەنگی و فرە نەتەوەیی و ئایینی، هەمیشە لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکاندا ناو و ناوبانگی هەیە.

 مامۆستا پەترۆس نەبات، تەمەنی زیاتر لە حەفتا ساڵە، بە ئاماژە کردن بە بوونی مزگەوت و کڵێسا بەرامبەر یەکتر لە شەقامەکانی هەولێردا باسی دەوڵەمەندی ئەم کولتوورە دەکات و لەو بڕوایەدایە ژیانی هەموان لە کوردستاندا بەیەکەوە گرێ دراوە و دەڵێت: ئێمە شانازیی بەم پێکەوە ژیانە دەکەین. ئەوەی جەنابی سەرۆک بارزانی فەرمووی، کە ئێمە ژیان و مردنمان پێکەوەیە؛ بۆ ئێمە مانایەکی گەورەی هەیە و کاریگەریی ئەو قسەیەش بە ئاشکرا دەرکەوتووە و هەمووان هەستی پێ دەکەین.

ئەوەی نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان لە هەولێر جەختی لێ دەکەنەوە، ئەوەیە کە ئەم فەرهەنگی پێکەوەژیانی ئاشتییانە، قوڵتر بکرێتەوە و بۆ نەوەکانی داهاتوو بگوازرێتەوە.

 
 
Fly Erbil Advertisment