بەرگری ڕووسیا: 193 درۆنی ئۆکرانیمان خستووەتە خوارەوە
وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا تێکشکاندنی 193 درۆنی ئۆکرانیای ڕاگەیاند و ئاماژەیداوە، لە دوو هێرشدا ئۆکرانییەکان هێرشێکی درۆنی فراوانیان کردووەتە سەر مۆسکۆی پایتەخت و پارێزگای بریانسکی سنووری، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون.
ڕۆژی دووشەممە، 27ی تشرینی یەکەمی 2025، وەزارەتی بەرگری ڕووسیا لە ڕایگەیەندراوێکدا بڵاوی کردووەتەوە، لەو هێرشە فراوانەی ئۆکرنیا بە درۆن کردوویەتە سەر پارێزگای بریانسک، تەنیا یەک هاووڵاتی ڕووسی کوژراوە، بەڵام شکت بەهێرشەکە هێنراوە، کە 193 درۆنی بۆمبڕێژکراو هەڵدراوبوون.
ئەلێکساندەر بووگماز، پارێزگاری ناوچەی بریانسکی هاوسنوور لەگەڵ ئۆکرانیا ڕایگەیاند، لە گوندی بوگار شۆفێرێک گیانی لەدەستداوە و پێنج سەرنشینیش برینداربوون.
هەروەها وەزارەتی بەرگری ڕووسیا ڕایگەیاندووە "47 درۆن لە ئاسمانی بریانسک و 40 درۆنیش لە ئاسمانی مۆسکۆ خراونەتە خوارەوە کە پایتەختیان بە ئامانج گرتبوو".
لەسەر ئاستی دیپلۆماسی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند کە "کات بەفیڕۆ نادات" بۆ ڕێکخستنی کۆبوونەوەیەکی نوێ لەگەڵ ڤلادیمێر پوتنی هاوتا ڕووسییەکەیدا، مەگەر ئەوەی جیددی بێت لە گەیشتن بە ڕێککەوتنێک بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگی ئۆکرانیا.
هەر لە دەستپێکی جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا، ڕووسیا بە شێوەیەکی نیمچە ڕۆژانە هێرشی درۆنی و مووشەکی بۆ سەر ئۆکرانیا دەکات، لە بەرانبەردا ئۆکرانیاش خاکی ڕووسیا بە تایبەتیش دامەزراوەکانی وزە بە ئامانج دەگرێت.
