عێراقییه‌كان له باره‌ی لێدوانێكی باڵیۆزی ڕووسیا له به‌غدا: حكوومه‌ته‌كه‌مان هه‌ڕاج و هه‌رزانفرۆشمان ده‌كات
لێدوانێكی باڵیۆزی ڕووسیا له به‌غدا له باره‌ی ئه‌گه‌ری به سه‌ربازكردنی گه‌نجانی عێراق و به‌شداریكردنیان له جه‌نگیی ڕووسیا دژی سوپای ئۆكرانیا، ئۆباڵه‌كه‌ی ده‌خرێته ئه‌ستۆی حكوومه‌تی عێراق كه له به‌رانبه‌ر وڵاتان و هێزه بیانییه‌كان لاوازه و كارێكی وای نه‌كردووه، نه‌هێڵێت سه‌روه‌رییه‌كانی پێشێل بكرێت و وڵاتان ده‌ست له كاروباره ناوخۆییه‌كانی وه‌رنه‌ده‌ن و ڕۆڵه‌كانی نه‌به ناو جه‌نگێكی گه‌وره‌ی هه‌رێمی، له كاتێكدا هێشتا ئه‌وان بریندارن و قه‌تماغه‌ی برینی ده‌یان شه‌ڕ و جه‌نگ و ململانێی ڕابردوویان به‌سه‌ر جه‌سته‌یانه‌وه ماوه و خوێنی ده‌یان ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه و ململانێی ناوخۆی و ده‌ره‌كییان لێ ده‌چۆڕێت و ئاواته‌خوازن جارێكی دیكه نه‌بنه‌وه قوربانی هیچ شه‌ڕ و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه و پێكدادانێك.
ئەلبرووس کوتراشێڤ، باڵیۆزی ڕووسیا له به‌غدا ڕێككهوتی 17ـی ئه‌م مانگه، له لێدوانێكدا باسی له‌وه كردبوو، ده‌كرێت لاوان و گه‌نجانی عێراق به‌شداری له جه‌نگی ڕووسیا له دژی ئۆكرانیا بكه‌ن. ئه‌م لێدوانه‌ی کوتراشێڤ عێراقییه‌كانی نیگه‌ران و تووڕه كردووه، به شێوه‌یه‌ك به قه‌د ئه‌وه‌ی له خودی لێدوانه‌كه‌ی ناوبراو تووڕه‌ن، دوو هێنده له حكوومه‌تی عێراق تووڕه و نیگه‌رانن. له‌م باره‌وه، ڕوانگه‌ی عێراقی بۆ مافه‌كانی مرۆڤ (IOHR)، ڕاگه‌یه‌نراوێكی بڵاو كردووه‌ته‌وه و تێیدا ئاماژه‌ی به‌وه كردووه، ئه‌م جۆره لێدوانانه له لایه‌ن به‌رپرسانی وڵاتان، به پله یه‌ك خه‌تای ئه‌وان نییه، به‌ڵكوو خه‌تای حكوومه‌تی عێراقه كه سه‌روه‌ری و به‌های به‌رزی وڵاته‌كه‌ی و هاووڵاتییانی هه‌ڕاج و هه‌رزانفرۆش كردووه.
مسته‌فا سه‌عدوون، سه‌رۆكی ڕوانگه‌ی عێراقی بۆ مافه‌كانی مرۆڤ له ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌یدا گوتوویه‌تی، بازاڕگه‌ڕی بۆ بیرۆكه‌یه‌كی له‌م شێوه‌یه له لایه‌ن کوتراشێڤهوه، پێشێلكردنی سه‌روه‌ریی عێراق و یاسای نێوده‌وڵه‌تییه كه هه‌ر جۆره به سهربازكردنێكی مه‌ده‌نی له ململانێ چه‌كدارییه‌كان قه‌ده‌غه كردووه. ده‌شڵێت، كاتێك کوتراشێڤ ئاماژه به‌وه ده‌كات، هه‌زاران عێراقی ئاماده‌ن بچنه ناو سوپای ڕووسیا ئه‌گه‌ر ده‌رگایان به ڕوودا بكرێته‌وه، ئه‌مه به‌ڵگه و ئاماژه‌یه‌كی مه‌ترسیداره و هه‌وڵێكی به‌رنامه و پلانبۆداڕژراوه كه ده‌یه‌وێت بێكاری و هه‌ژاری عێراقییه‌كان بقۆسێته‌وه و بیانكاته سووته‌مه‌نی جه‌نگیی وڵاته‌كه‌یان.
مسته‌فا سه‌عدوون هاوكات ئاماژه‌ی به‌وه كردووه، ئه‌وه‌ی کوتراشێڤ گوتوویه‌تی، قۆستنه‌وه‌ی بارودۆخ و بژێوی ژیانی عێراقییه‌كانه كه زۆر ناله‌باره، به شێوه‌یه‌ك ڕێژه‌ی هه‌ژاری به گشتی له عێراق له سه‌رووی 27%ـی ئاستی نیشتمانییه و له هه‌ندێك له پارێزگاكانی باشووریش ده‌گاته سه‌رووی 40%. ده‌شڵێت، ئه‌م مامه‌ڵه‌ی ڕووسیا هه‌وڵێكه بۆ قۆستنه‌وه‌ی ئابووری و مرۆیی به شێوه‌یه‌كی نائه‌خلاقی.
مسته‌فا سه‌عدوون جه‌ختیشی كردووه‌ته‌وه، هۆكاری هه‌ر لێدوانێكی له‌م شێوه‌یه له بنه‌ڕه‌تدا خودی حكوومه‌تی عێراقه كه ده‌رگای به ڕووی هه‌موو نه‌هامه‌تییه‌ك بۆ عێراقییه‌كان كردووه‌ته‌وه تا ئه‌و ئاسته‌ی وڵاتان به ئاره‌زووی خۆیان بێن و بازرگانی به هاووڵاتییانی بكه‌ن و سووكایه‌تی به ڕێز و شكۆیان بكرێت.
