لە تورکیا 21 گومانلێکراو بە تۆمەتی پڕوپاگەندەکردن بۆ داعش دەستگیرکران
لە ئۆپەراسیۆنێکدا ئەمڕۆ لە ئیستانبوڵ دژی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش ئەنجامدرا، ڕاگەیەندرا، 21 گومانلێکراو دەستگیرکراون، کە تۆمەتبارن بە ئەنجامدانی چالاکیی پڕوپاگەندە و بەکارهێنانی ئەپلیکەیشن بۆ پەیوەندییەکانی نێو ڕێکخراوەکە.
بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی ئەنادۆڵ، یەکەکانی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و هەواڵگریی ئیستانبوڵ، لێکۆڵینەوەیەکی نوێیان لەبارەی چالاکییەکانی داعش لە تورکیا دەستپێکردبوو.
لەسەر فەرمانی داواکاری گشتیی، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، 27ـی تشرینی یەکەمی 2025، ئۆپەراسیۆنێک بۆ دەستگیرکردنی ئەو کەسانە ئەنجامدرا کە پەیوەندییان بە ڕێکخراوەکەوە هەبووە، کاری پڕوپاگەندەیان بۆ کردووە و تۆڕەکانی پەیوەندیی نهێنییان بەکارهێناوە.
هێزە ئەمنییەکان بە بەشداریی تیمی تایبەت، هەڵیانکوتایە سەر چەندان ناونیشانی جیاواز و لە ئەنجامدا 21 گومانلێکراویان دەستگیرکرد.
لە کاتی پشکنینی شوێنی نیشتەجێبوونی گومانلێکراوەکاندا، دەست بەسەر دوو خەنجەر، ئاڵای ڕێکخراوەکە و ژمارەیەکی زۆر کەرەستەی دیجیتاڵیدا گیرا.
ڕاشیگەیاند، لێکۆڵینەوەی پۆلیس لەگەڵ دەستگیرکراوەکان بەردەوامە.
