مەسرور بارزانی: سەردەمی مەرکەزییەت و دیکتاتۆرییەت کۆتایی هاتووە
مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرنەڤاڵی بانگەشەی پارتی بۆ لیستی 275 لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گوتی: سەردەمی مەکەزییەت و دیکتاتۆرییەت کۆتایی هاتووە.
دووشەممە، 27ـی تشرینی یەکەمی 2025، مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرنەڤاڵی بانگەشەی پارتهكهی بۆ پشتیوانیکردنی لیستی 275 لە سۆران گوتی: پێویستە هەر کەسێک بیر لەوە بکاتەوە کە عێراق بەرەو مەرکەزییەت دەباتەوە، بەرەو دیکتاتۆرییەت هەنگاو دەنێت، ئێمە خەڵکێکی هۆشیارمان هەیە، پێشمەرگە قارەمانەکانیش هێشتا هەن، ڕۆڵەکانی پێشمەرگە هێشتا هەن، ئەو بیری ئازادییەی لە کوردستان چەسپاوە، هێشتا بەردەوامە، بە هیچ جۆرێک ڕێگە نادەین جارێکی دیكه عێراق بەرەو دیکتاتۆرییەت و مەکەزییەت بگەڕێتەوە.
مەسرور بارزانی گوتی: دەمانەوێت ئەزموونی خۆمان لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی عێراق هاوبەشیی پێ بکەین، دەمانەوێت یارمەتیی ئەوانیش بدەین، دەمانەوێت عێراق کە وڵاتێکی دەوڵەمەندە، بەختەوەر بێت، پێش بکەوێت و پێشکەوتنی ئابووری لە هەموو وڵات بەردەوام بێت.
گوتیشی: ئەگەر عێراق بەرەوپێشەوە بچێت، بەختەوەر بێت، خەڵکی عێراق دڵیان خۆشبێت، بژێوی ژیانیان باشتر بێت، خەڵکی ئێمەش دەتوانن سوودمەند بن، کارگەکانی ئێمەش دەتوانن زیاتر بەرهەمەکانیان بۆ ناوەڕاست و شوێنەکانی دیکەی عێراق بنێرن.
مەسرور بارزانی دەڵێت: ئێمە دەمانەوێت هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو ئازادی، ئاشتی و سەقامگیریی بڕوات، ئەمە دروشمی پارتی نییە، شتێکە پارتی لە قووڵایی دڵییەوە بڕوای بەوە هەیە کە ئێمە لەگەڵ ئاشتەوایین، لەگەڵ پێشکەوتنین، لەگەڵ بانگی ئازادیخوازانین.