مووسڵ 6 ساڵه ڕزگار كراوه و هێشتا ئاسەواری وێرانکاری و هەژاری پێوه دیاره
شەش ساڵ دوای ڕزگارکردنی لە دەستی داعش، شاری مووسڵ هێشتا وەک شارێکی وێران دەردەکەوێت و دانیشتووانەکەی لە دۆخێکی ناهەمواری ئابووری و خزمەتگوزاریدا دەژین. کەلاوە و پاشماوەی شەڕ، شەقامی پڕ لە خۆڵ و خاشاک، و بێکاریی بەربڵاو، بوونەتە سیمای سەرەکیی ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی ئەم شارە مێژووییە.
لە گەڕەکەکانی مووسڵ، دیمەنی باڵەخانەی ڕووخاو و شەقامی پڕ لە زبڵ و خاشاک زۆر، خەڵکێکی زۆر، لەوانە بەساڵاچووان و منداڵان، ناچارن بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان، لەناو پاشماوهی زبڵدا بەدوای شتی بەکەڵکدا بگەڕێن. حاجی یونس، پیاوێکی تەمەنی 70 ساڵه، یەکێکە لەو کەسانەیه كه بە ناچاری ئەم کارە دەکات و بە کوردستان24ـی گوت: نۆ ساڵ و دوو مانگ خزمەتی سەربازیم کردووە، بەڵام ئێستا ناچارم ئەم کارە بکەم بۆ ئەوەی بژێوی خێزانەکەم دابین بکەم.
نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان، بەتایبەت خراپیی ڕێگهوبانەکان، ژیانی لە شۆفێر و هاووڵاتییان تاڵ کردووە. شەقامەکان پڕن لە چاڵ و قوڕ و لیتە، هاتوچۆی تێدا ئەستەم کردووە. شۆفێرێک بە ناوی سەمیر محەممەد لهم بارهوه دەڵێت: هێشتا باران نەباریوە و دۆخی شەقامەکانمان ئاوایە. زۆرجار بە زەحمەت دەتوانین ئۆتۆمبێلەکانمان دەرباز بکەین. حکوومەت بەڵێن دەدات، بەڵام هیچ ناکات.
گەنجان و قوتابییانیش بەشێکی گەورەی ئەم ئازارە بەردەکەون. سەڵاح جەمیل، قوتابییەکی خهڵكی مووسڵه، باس لەوە دەکات کە چۆن بەهۆی قوڕاویبوونی شەقامەکانەوە جلەکانیان پیس دەبێت و بە زەحمەت دەگەنە قوتابخانە.
سەعدیە محەممەد، ئافرهتێكی دانیشتووی شارەکەیە و گلەیی لە حکوومەت دەکات و دەڵێت: حکوومەت لەو دۆخەی ئێمەی تێدایە بەرپرسیارە.
هەژاری و بێکاری کێشەی سەرەکیی گەنجانی عێراق و مووسڵن. ڕافید شوکری، گەنجێکی چالاکوان، داوای وەبەرهێنانی ڕاستەقینە دەکات بۆ پشتیوانیکردنی ئابووریی شارەکە و دۆزینەوەی هەلی کار بۆ گەنجان، ئاماژەی دا، پێویستە وەک هەرێمی کوردستان، لێرەش وەبەرهێنان بکرێت بۆ ئەوەی هەلی کار بۆ گەنجان بدۆزرێتەوە.
لەناو بازاڕی شارەکەدا، عەبدوڵڵا میساق، پیاوێکی بەساڵاچوو کە 10 کەس لە ئەندامانی خێزانەکەی لە شەڕی داعشدا لەدەست داوە، هێشتا بێماڵ و حاڵە و بۆ دابینکردنی مووچەی خانەنشینییەکەی، ڕۆژانە ڕووبەڕووی بیانووی ئیداری دەبێتەوە.
سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە شەش ساڵ بەسەر ڕزگارکردنیدا، دانیشتووانی مووسڵ هەست دەکەن خۆیان و شارهكهیان فەرامۆش کراون و داوای هەنگاوی کرداری دەکەن بۆ ئاوەدانکردنەوەی شارەکەیان و گێڕانەوەی ژیانێکی شایستە بۆیان.
