بەرپرسێکی باڵای سەردەمی ئەسەد دەستگیرکرا

وێنەی دەستگیرکراو
وێنەی دەستگیرکراو

وەزارەتی ناوخۆی سووریا دەستگیرکردنی بەرپرسێکی باڵای سەربازیی سەردەمی بەشار ئەسەدی ڕاگەیاند، کە پێشتر پۆستی داواکاری گشتیی سەربازیی بووە و تۆمەتبارە بە ئەنجامدانی پێشێلکاریی مەترسیدار.

بەگوێرەی بەیاننامەیەکی وەزارەتی ناوخۆ، هێزە ئەمنییەکان لە پارێزگای لازقیە، دوای چاودێرییەکی ورد، نایف ساڵح دێرغامی-یان دەستگیرکردووە. دێرغامی، پێشتر پۆستی داواکاری گشتیی سەربازیی هەبووە، تۆمەتبارە بە ئەنجامدانی پێشێلکاریی مەترسیدار دژی هاووڵاتییانی مەدەنی لە سەردەمی ڕژێمی پێشوودا.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە؛ لەو کاتەدا دادگا سەربازی و مەیدانییەکان لەژێر دەسەڵاتی ئەودا بوون. لە ئێستاشدا، ناوبراو ڕەوانەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراوە بۆ لێکۆڵینەوە و گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی پێویست.

هەر لەم چوارچێوەیەدا، وەزارەتی ناوخۆ هەروەها دەستگیرکردنی ئەکرەم سەللوم عەبدوڵڵای ئاشکرا کرد. کە چەندان پۆستی باڵای هەبووە، دیارترینیان فەرماندەی پۆلیسی سەربازی بووە لە نێوان ساڵانی 2014 و 2015.

هەروەها تۆمەتبارە بە تێوەگلان لە ئەنجامدانی پێشێلکاریی قورس بەرامبەر بە دەستگیرکراوانی زیندانی سێدنایە.

 
Fly Erbil Advertisment