دۆناڵد ترەمپ "گوتاری سەرکەوتن"ـی پێشکەش کرد

K4 - هەولێر

دۆناڵد ترەمپ لەدوای داخستنی سندووقەکانی دەنگدان "گوتاری سەرکەوتنی" پێشکەش کرد و رایگەیاند لە هەندێک ویلایەت بردوویانەتەوە، کە تەنانەت پێشبینیشیان نەدەکرد لێی ببەنەوە.

بەشێکی گوتارەکەی ترەمپ:

دەمەوێت سوپاسی خەڵکی ئەمەریکا بکەم، ملیۆنان و ملیۆنان کەس دەنگیان بۆ داوین... ئامادەکاری دەکەین بۆ ئاهەنگگێڕانێکی گەورە، ئێمە لە هەموو شتێکدا دەبەینەوە.

ئەنجامەکانی ئەمشەو بێوێنە بوون، بەتەواوی ئامادەین بچینە دەرەوە و دەست بە ئاهەنگگێڕان بکەین.

خەڵکی ئەم وڵاتە ئەوەندە دەنگیان داوە، ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمارکراوە. پێشتر، هەرگیز شتی وا رووینەداوە!

ئێمە لە فلۆریدا تەنیا نەمانبردووەتەوە، بەڵکو بە جیاوازییەکی زۆر زۆر بردوومانەتەوە.

لە تەکساس بردوومانەتەوە و بە 700 هەزار دەنگ لەپێشەوەین، هەروەها روونە جۆرجیامان بردووەتەوە، لەگەڵ کارۆلاینای باکوور.

لە ئەریزۆناش کەسێک (جۆو بایدن) گوتی بردوویانەتەوە، رەنگە بشبنەوە بەڵام بەدڵنیاییەوە دەنگێکی زۆرمان لێی هیناوە... پێویستیشمان نییە لەوێ ببیەینەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر ئەو ویلاتە بەدەستبهێنین خۆشە...

لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە: ئێمە لە پەنسلڤانیاش دەبەینەوە. بە 690 هەزار دەنگ لە پێشەوەین لە پەنسلڤانیا.

سەیری داتاکانم کردووە لە میشیگانیش دەبیەنەوە... کە ژمارەکەم بینی گوتم واو ئەمە زۆرە بە نزیکەی 300 هەزار دەنگ... لە ویسکۆنسنیش بردوومانەتەوە، پێویستیشمان بەو هەمووە نییە، کەمێک پێش ئێستا قسەم لەگەڵ شارەداری تەکساس کرد و گوتی پیرۆزە، لە تەکساس بردووتەتەوە، هەروەها گوتی ئەوە چی روودەدات، هەرگیز شتی وام نەبینیوە.