ترەمپ دەڵێ روودەکەنە دادگای باڵای "بەهۆی ساختەکاری"

K24 - هەولێر

هەرچەندە هێشتا ئەنجامی کۆتایی دەنگدانی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا رانەگەیەنراوە، بەڵام ترەمپ دەڵێ بردوویەتییەوە و دەچنە دادگای باڵای ئەمەریکا بۆ تانەدان لە ژماردنی دەنگەکان.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆشکی سپی "گوتاری سەرکەوتنی" پێشکەش کرد. لە بەشێکی گوتارەکەشیدا باسی لە ساختەکاری لە هەڵبژاردنی ئەمەریکا کرد.

دۆناڵد ترەمپ، کە لەگەڵ جۆو بایدن، کاندیدی دیموکراتەکان لە کێبڕکێدایە لەسەر پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا، گوتی " دەیەوێت هەموو دەنگدانێک بووستێت".

ترەمپ جەختی لەوە کردەوە "دەچینە دادگای باڵای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا. دەمانەوێت هەموو دەنگدانێک بووەستێت. نامانەوێت هیچ کارتێکی دەنگدان لە کاتژمێر 04:00ـی بەرەبەیانی بدۆزنەوە و بیخەنە سەر لیستەکەیان".

پێدەچێت ترەمپ مەبەستی لەوەبێت ژماردنی ئەو دەنگانەی لەرێگەی پۆستەوە دراون، بووەستێنرێت، کە بەتوندی لە دژیەتی و دەڵێ ساختەکاری تێدایە. لەبەرامبەردا جۆو بایدن چاوی لە ئەنجامەکانییەتی و دەڵێت "دەبێت ئارامبگرین و سەرکەوتن رانەگەیەنین تاوەکو ئەو ئەنجامانەش یەکلایی دەبنەوە".