پاکستان و ئەفغانستان یەکتر تۆمەتبار دەکەن

دانوستانەکانی نێوان پاکستان و ئەفغانستان، بە ئامانجی گەیشتن بە ئاگربەستێکی درێژخایەن لە ئیستانبوڵ بەڕێوەدەچوو، بەبێ هیچ "چارەسەرێکی کردەیی" کۆتایی هات و هەردوو لا یەکترییان بە هۆکاری شکستەکە تۆمەتبار کرد.

عەتاڵڵا تەرار، وەزیری ڕاگەیاندنی پاکستان، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند: "لایەنی ئەفغانی بەردەوام بوو لە لادان لە پرسی سەرەکی و خۆی لەو خاڵە دەدزییەوە کە گفتوگۆکانی لەسەر دەستیپێکردبوو."

تەرار گوتیشی: "تاڵیبان لەبری قبووڵکردنی بەرپرسیارێتی، پەنای بۆ تۆمەتبارکردنی بەرامبەر و خۆدزینەوە بردووە، بۆیە دیالۆگەکە نەیتوانی بگاتە هیچ ئەنجامێکی کردەیی."

ئەم دانوستانانە دوای زنجیرەیەک پێکدادانی خوێناوی لەسەر سنوورەکان هات، کە بە خراپترین توندوتیژی دادەنرێت لە دوای گرتنەدەستی دەسەڵات لەلایەن تاڵیبانەوە لە کابول لە ساڵی 2021.

گرژییەکان لە مانگی تشرینی یەکەمەوە دەستیانپێکرد، کاتێک پاکستان هێرشی ئاسمانیی کردە سەر مۆڵگەکانی تاڵیبانی پاکستان لەناو خاکی ئەفغانستاندا. لە وەڵامدا، تاڵیبانی ئەفغانستان هێرشیان کردە سەر بنکە سەربازییەکانی پاکستان بەدرێژایی سنووری دوو هەزار و 600 کیلۆمەتریی نێوانیان.

پێشتر لە 19ـی تشرینی یەکەمدا و لە کۆبوونەوەکانی دەوحە، هەردوو لا لەسەر ئاگربەستێکی سەرەتایی ڕێککەوتبوون. بەڵام لە خولی دووەمی دانوستانەکاندا لە ئیستانبوڵ، کە بە نێوەندگیریی تورکیا و قەتەر بەڕێوەچوو، نەیانتوانی لەسەر خاڵە ناکۆکەکان بگەنە ڕێککەوتن.

شکستی دانوستانەکان و بەردەوامیی گرژییەکان بووەتە هۆی داخستنی دەروازە سنوورییەکان، کە بازرگانیی نێوان هەردوو وڵاتی پەکخستووە و ئازاری ئەو نەخۆشانەی زیادکردووە کە بۆ چارەسەر هاتوچۆ دەکەن.

 
Fly Erbil Advertisment