دەستپاکی عێراق: فەرحان فەرتووسی لە میسرەوە گەڕێندراوەتەوە
دەستەی دەستپاکی فیدراڵی عێراق رایگەیاند، فەرحان فەرتووسی، بەڕێوەبەری گشتیی پێشووی کۆمپانیای گشتیی بەندەرەکانی عێراق، لە میسرەوە گەڕێندرایەوە.
ئەمڕۆ شەممە، 28ـی تشرینی دووەمی 2026، دەستەکە لە راگەیەندراوێکدا روونیکردەوە، پرۆسەی گەڕاندنەوەی فەرتووسی بەدواداچوونی راستەوخۆی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی لەسەر بووە، هەروەها رێکارەکانیش بەهۆی ئەو تۆمەتانەوە گیرانەبەر کە پەیوەستن بە قۆڵبوونی سەروەت و سامان، دەستکەوتی نایاسایی و چەند دۆسیەیەکی دیکە.
دەستەی دەستپاکی روونیشیکردەوە، پاش هەوڵێکی چڕی فەرمانگەی گەڕاندنەوەی سەر بە دەستەکە، بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرۆکایەتیی داواکاری گشتی، دەزگای هەواڵگری، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی عەرەبی و نێودەوڵەتی و باڵیۆزخانەی عێراق لە قاهیرە، ئەو تۆمەتبارە هەڵاتووە لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغداوە بە دەستبەسەرکراوی هێنرایەوە تا رادەستی دادگا بکرێت.
هەروەها دەستەکە ئاشکرایکرد، تۆمەتەکانی ئەو بەرپرسە پێشوو بۆ سەردەمی بەڕێوەبردنی کۆمپانیای گشتیی بەندەرەکانی عێراق دەگەڕێتەوە، کە سەر بە وەزارەتی گواستنەوەیە و تێیدا پۆستەکەی خۆی قۆستبووەوە.
دادوەری دادگای تاوانەکانی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، دوای بینینی بەڵگە و سەلمێنەرەکانی دۆسیەکە، بەتایبەت راپۆرتی نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و دابینکردنی پارەی تیرۆر لەگەڵ راپۆرتی فەرمانگەی خۆپاراستن لە دەستەی دەستپاکی فیدراڵی، بەڵگەکانی بە تەواو و بڕواپێکەر زانی بۆ تۆمەتبارکردنی بەگوێرەی ماددەی 19/دووەم لە یاسای هەموارکراوی دەستەی دەستپاکی و دەستکەوتی نایاسایی ژمارە 30ـی ساڵی 2011، هەر بۆیە فەرمانی گرتن و پشکنینی بۆ دەرکرد.