حوسێن نەجات: دوژمنان توانای تێکدانی ئاسایشی ئێرانیان نییە
جێگری فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران، رایگەیاند: "دوژمنان توانای تێکدانی ئاسایشی ئێرانیان نییە".
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فارس، حوسێن نەجات، جێگری فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران، لە وەڵامی بانگەشەکانی دوژمن بۆ تێکدانی ئاسایش و چەکدارکردنی تاوانباران بە مەبەستی دروستکردنی ئاژاوە، گوتی: "بە هۆشیاریی سوپا و هێزە ئەمنییەکان، دوژمنانمان توانای ئەو کارەیان نییە. ئەگەر رووداوێکی لەو شێوەیەش رووبدات، هێزە ئەمنییەکان بەوپەڕی توندی مامەڵە لەگەڵ ئەو کەسانە دەکەن".
نەجات لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەبارەت بە توانای هێزە ئەمنییەکان لە رووبەڕووبوونەوەی ئەندامانی دوژمن، روونیکردەوە: "تا ئێستا دەیان گرووپی چەکدار دەستگیرکران و ئاسایشی کۆماری ئیسلامیی ئێران زۆر باشە. ئاستی هێزە ئەمنییەکان زۆر ناوازە بووە".
جێگری فەرماندەی سوپای پاسداران لە بارەگای سارۆڵا، جارێکی دیکە لەبارەی هەوڵەکانی دوژمن بۆ نانەوەی ئاژاوە لە وڵات، ئامادەییی تەواوی هێزە ئەمنییەکانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو دۆخە راگەیاند و گوتی: "دوژمنان توانای تێکدانی سەقامگیریی ئێرانیان نییە. ئەگەر بڕوا بەوە ناکەن، با تاقی بکەنەوە".
هەروەها حوسێن نەجات باسی پشتیوانیی ئەمریکا و بەشێک لە وڵاتانی رۆژئاوا و رۆڵیان لە رووداوەکانی کانوونی دووەمدا کرد و گوتی: "ئەمریکا و هەندێک لە سەرکردەی وڵاتانی رۆژئاوا پشتیوانیی فەرمییان لە ئاژاوەگێڕان کرد. ئەوەشیان راگەیاند، پلانی ئەوان سەرەتا دروستکردنی ئاژاوە لە ناوخۆی وڵات و پاشان دەستێوەردانی سەربازی بوو، بەڵام گەل ئەو پلانەی پووچەڵ کردەوە".
هاوکات لەگەڵ نزیکبوونەوەی ساڵیادی رووداوەکانی کانوونی دووەم، بەرپرسانی ئەمریکا گەڕاونەتەوە سەر باسکردنی هەوڵەکانیان بۆ چەکدارکردنی کەسانێک لە ئێران. لەو چوارچێوەیەدا، جاک کین، ژەنەراڵی خانەنشینکراوی سوپای ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز بانگەشەی ئەوەی کرد، دەزگای هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا و مۆساد دەیان هەزار ئێرانی چەکدار دەکەن؛ ئەوەش هەمان ئەو بانگەشەیەیە کە پێشتر دۆناڵد ترەمپ باسی کردبوو.
پێشتریش لە نیساندا، ترەمپ بانگەشەی ئەوەی کردبوو کە چەکی بۆ خۆپیشاندەرانی ئێران ناردووە، بەڵام گوتبووی نێوەندگیرەکان چەکەکانیان نەگەیاندووەتە شوێنی مەبەست و بۆ خۆیان بردووە.