سەرۆکی حکوومەت: بە نەرمی و لەسەرخۆ بەردەوام دەبین لە ئاوەدانکردنەوەی کوردستان
مەسرور بارزانی یەکەم داری لە پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی هەولێر چاند و بە شیعرێکی مەولانا دەستی بە گوتارەکەی کرد.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 30ـی تشرینی یەکەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێوڕەسمی دەستپێکردنی پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی هەولێر، بە چاندنی یەکەم دار بەشداری کرد و گوتارێکی پێشکەش کرد.
سەرۆکی حکوومەت بە بەیتە شیعرێکی "مەولانا جەلالەدینی ڕۆمی" دەستی بە گوتارەکەی کرد، پاشان ئاماژەی بە گرنگیی پڕۆسەی ئاوەدانی و پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان کرد.
لە میانی گوتارەکەیدا، مەسرور بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی ئامادەبووان، خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە بەشداریکردنی لەو "ڕۆژە گرنگ و مێژووییە"دا، کە وەک خۆی گوتی "بەڕاستی بۆ نەوەی داهاتوو زۆر گرنگە و بۆ ئێستای کوردستان و ئاوەدانی ئەمڕۆشی زۆر پێویستە."
سەرۆکی حکوومەت گوتیشی: "مەولانا جەلالەدینی ڕۆمی دەفەرمووێت: 'گوڵ لەبەر باران شین دەبێت، نەک بە دەنگی هەور و برووسکە'؛ ئێمەش بە نەرمی و لەسەرخۆ بەردەوام دەبین لە ئاوەدانکردنەوەی کوردستان."
پرۆژەی پشتێنەی سەوزایی بە دەوری شاری هەولێردا بە شێوەی بازنەیی دەبێت و حەوت ملیۆن دار زەیتوون و فستەق دەچێندرێن، هەروەها دەیان پۆند بۆ ئاودانی دارەکان پرۆژەی سەوزایی دروست دەکرێن و بەم پرۆژەیەش ڕێژەی سەوزایی لە شاری هەولێر بۆ 25% زیاد دەکات، کە ستانداری جیهانییە.
پێشتێنەی سەوزایی هەولێر، پانییەکەی دوو کیلۆمەترە و درێژییەکەشی 83 کیلۆمەترە، لە هەشت زۆن پێکهاتووە، لە قۆناغی یەکەمی ئەم پڕۆژەیەدا، کە ڕووبەرەکەی 13 هەزار دۆنم دەبێت، تەنیا داری زەیتوون و فستق دەچێنرێن.
کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، چەندین پلانی ستراتیژی بۆ زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی لە ڕێگەی دروستکردنی چەندین پارک و باخچە دیکەی كە کۆی هەر هەموویان دەگاتە 627 باخچە و پارک، توانراوە ڕێژەی سەوزایی هەولێر لە 9.1% بگەیەنرێتە 19.8%.
هەروەها لە چوارچێوەی ماستەرپلانی شاری هەولێر، وەزارەتی شارەوانی پلانێکی ستراتیژی هەیە بۆ زیادکردنی ڕووبەری سەوزایی کە تاوەكوو ساڵی 2030 زیاتر لە 100 ملیۆن دار لە شاری هەولێر بچێندرێت.
