وەزیری دارایی عێراق: لەم حاڵەتەدا مووچە بۆ پێنج هەفتە دوا دەكەوێت

K24 – ھەولێر:

وەزیری دارایی عێراق، عەلی عەبدولئەمیر عەلاوی، ئەمڕۆ چوارشممە رایگەیاند، مووچە بۆ پێنج هەفتە دوا دەكەوێت، ئەگەر رەزامەندی لە سەر قەرز نەكرێت.

عەلاوی لە لێدوانێكی تەلەڤزیۆنیدا گوتی: مووچە بەھۆی كورتھێنانی بودجەوە دواكەوتووە و ئێستاش دوای دەخەین تا ئەو كاتەی پارەمان دەست دەكەوێت"، روونیشیكردەوە، "ئێستا قورسە داھات زیادبكرێت و دەبێت پەنا ببردرێتە بە قەرزكردن".

عەلاوی گوتیشی: قەرزداری عێراق ھێشتا مەعقولە و مەترسی نییە، و دوای 41 ترلیۆن قەرزمان كردووە، چونكە ئێمە پێویستیمان بە 30 ترلیۆنە بۆ دابینكردنی مووچە و ئەوەی دیكە بۆ نەختینەیە".

ئاماژەشیكرد، "ئەگەر رەزامەندی لەسەر قەرزكردن نەدرێت مووچە بۆ پێنج هەفتە دوا دەكەوێت"،

روونیشیكردەوە، مووچەی خانەنیشینان لە كاتی خۆیدا دەدرێت و مووچەكانی دیكە ناكرێت رێژەیەكی دەستنیشانكراو بدرێت، بەپێی ویژدان دەبێت مووچەی تەواوی وەزارەتەكان بدرێت". ئاماژەشیكرد ئەمڕۆ "یەكەم بەشی مووچەی خانەنشینان درا و ئەمە لە كارە پێشینەكانمانە".

ئاشكراشیكرد، نەفەقاتی مووچە رۆژ لەدوای رۆژ زیاد دەبێت و ئاڵنگاری بۆ دابینكردنی درووستدەبێت"، روونیشكردەوە مووچەكان بڵند نین، بەڵام ژمارەكان زۆرن.

عەلاوی جەختیشیكردەوە، "ئەو یاسایانەی دانراون باری دارایی گرانكردووە و قورسایی خستووەتە سەر دەوڵەت بۆ دابینكردنی، ھەروەھا داھاتی نەوتمان لە مانگی رابردوو 3.5 ترلیۆن دینار بووە".