شارەوانی زاخۆ 1700 پارچە زەوی بۆ دابەشکردن ئامادە کردووە

پرۆسەی دابەشکردنی زەوی لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بەردەوامە و لەم چوارچێوەیەدا زیاتر لە 1,700 پارچە زەوی نوێ بۆ فەرمانبەران ئامادە کراون کە لە ئایندەیەکی نزیکدا دابەش دەکرێن.

نەوزاد حاجی، بەڕێوەبەری دابەشکردنی زەوی لە شارەوانیی زاخۆ بە کوردستان24ـی راگەیاند، کەمتر لە مانگێکی دیکە تیروپشک بۆ بەشێکی دیکەی ئەو زەوییانە دەکرێت، هاوکات لەگەڵ ئەم هەنگاوە، شارەوانیی زاخۆ سەرقاڵی جێبەجێکردنی پرۆسەی تاپۆکردنی زەوییەکانە بە ئامانجی مسۆگەرکردنی خاوەندارێتیی یاسایی بۆ فەرمانبەران.

ئاماژەی بەوەش کرد، لیستی ناوی 1,649 زیندانیی سیاسی و 65 کەس لە کەسوکاری شەهیدان گەیشتووەتە سەرۆکایەتیی شارەوانیی زاخۆ.

دەشڵێت، لەم چوارچێوەیەدا، کارکردن بۆ ئامادەکردنی زەویی پێویست بەمەبەستی دابەشکردنیان بەسەر ئەم توێژانەدا لە کاتێکی نزیکدا دەستیپێکردووە.

ئەم هەنگاوە هاوکاتە لەگەڵ ئامادەکارییەکان بۆ قۆناخی سێیەمی دابەشکردنی زەوی. پێشتر لە قۆناخی یەکەمدا 4747 پارچە زەوی لە زاخۆ دابەشکران.

لە قۆناخی دووەمدا، حەوت هەزار مووچەخۆر سوودمەند بوون. ئەو مووچەخۆرانە خزمەتیان گەیشتبووە هەشت ساڵ و لە کۆی 13 هەزار مووچەخۆری پێشکەشکار هەڵبژێردرابوون.

پرۆسەی وردبینی بۆ ناوەکانی دیکە کۆتایی هاتووە. لە ئاییندەیەکی نزیکدا و بەشێوەی هاوبەش، زەوی بەسەر زیندانیانی سیاسی و کەسوکاری شەهیدان و ئەو مووچەخۆرانەدا دابەش دەکرێت.