مەسرور بارزانی: گەڕاندنەوەی داری زەیتوون مانایەکی گەورەی هەیە بۆ هەرێمی کوردستان
سەرۆک وەزیران سوپاسی پسپۆرانی یۆنانی دەکات بۆ هاوکارییان لە جێبەجێکردنی پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی هەولێر و دەڵێت "گەڕاندنەوەی داری زەیتوون مانایەکی گەورەی هەیە بۆ هەرێمی کوردستان."
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 30ـی تشرینی یەکەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، یەکەم داری لە پرۆژەی پشتێنەی سەوزایی هەولێر چاند و ئاماژەی بە گرنگی گەڕاندنەوەی داری زەیتوون بۆ ناوچەکە و ڕۆڵی پسپۆرانی یۆنانی دا.
لە گوتارێکدا، مەسرور بارزانی سوپاسی "دۆست و پسپۆرانی یۆنانی" کرد و وەک خۆی گوتی "لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکەدا هاوکاری حکوومەت دەکەن، بەتایبەتی لە بواری چاندنی داری زەیتووندا."
سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەش دا، پسپۆرانی یۆنانی پێیان ڕاگەیاندووە "ئەم دەڤەرە لە مێژوودا سەرچاوەی سەرەکی داری زەیتوون بووە." گوتیشی "گەڕاندنەوەی داری زەیتوون بۆ ئەم شوێنانە مانایەکی گەورەی هەیە، هەم بەرهەمێکی بە پیت و خێرە بۆ خەڵکی ئەم ناوچەیە، هەم دەکرێت سوودی لێوەرگرین بۆ ئامانجی پشتێنەی سەوزایی هەولێر."
هەروەها، مەسرور بارزانی سوپاسی کەرتی تایبەتیشی کرد بۆ هاوکاریکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە جێبەجێکردنی پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی هەولێر.
کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەندین پلانی ستراتیژی هەیە بۆ زیادکردنی ڕووبەری سەوزایی لە هەرێمدا. لە چوارچێوەی ماستەرپلانی شاری هەولێر، وەزارەتی شارەوانی پلانێکی ستراتیژی هەیە کە تاوەکو ساڵی 2030 زیاتر لە 100 ملیۆن داری بەڕوو لە سنووری پارێزگای هەولێر بچێنێت.
