مەسرور بارزانی: پشتێنەی سەوزایی هەولێر هەلی کار بۆ گەنجەکانمان دەڕەخسێنێت
سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی دووپاتی دەکاتەوە، پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی هەولێر هەلی کار دەڕەخسێنێت و سەرچاوە ئابوورییەکان فرەچەشن دەکات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 30ـی تشرینی یەکەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، یەکەم داری لە پرۆژەی پشتێنەی سەوزایی هەولێر چاند و لە گوتارێکدا جەختی کردەوە، پڕۆژەکە هەلی کار بۆ گەنجان دەڕەخسێنێت و ڕاهێنانی پێویستیشیان پێدەکرێت بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە لە پڕۆژەکەدا کار بکەن.
سەرۆکی حکوومەت گوتی "دۆستەکانمان بەڵێنی ئەوەشیان پێ داوین، ئەو گەنجانەی دەیانەوێت لە پڕۆژەکەدا کار بکەن، ڕاهێنیان پێ دەکەن بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە بتوانن هەڵسوکەوت لەگەڵ پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی بکەن."
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەش دا، ئەو دارانەی لەم پڕۆژەیەدا دەچێندرێن، بەرهەمدار دەبن و گوتیشی، کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت کە لەگەڵ حکوومەت بۆ سەرخستنی ئەم پڕۆژەیە بەشدارن، دەتوانن لە ڕووی بازرگانییەوە سوود لە بەرهەمی دارەکانی ئەم پشتێنەیە وەرگرن.
سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی دووپاتیشی کردەوە، یەکێک لە بەرنامەکانی حکوومەتەکەی فرەچەشنکردنی سەرچاوە ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان بووە و تەنیا پشتی بە یەک سەرچاوە نەبەستووە. گوتیشی، هەوڵیان داوە سوود لە هەموو کەرتەکان وەربگرن و بەرەوپێشیان ببەن.
سەرۆکی حکوومەت هەروەها ئاماژەی بە پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری وەک دروستکردنی ڕێگەوبانی نوێ، ماستەر پلانی پڕۆژە گەشتیارییەکان، پەرەپێدانی کەرتەکانی گەشتوگوزار و دروستکردنی پۆند و بەنداو دا.
مەسرور بارزانی لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا ڕایگەیاند، کارەکانی پێشتر ئەنجامیان داون، بۆ ئەوە بوون "وڵاتەکەمان ئاوەدانتر و خۆشتر بێت و خەڵکی هەرێمیش سوود لەو نیعمەت و سروشتە جوانە وەرگرن کە خودا پێی بەخشیوون."
پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی هەولێر، پڕۆژەیەکی ستراتیژیی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، کە بە شێوەیەکی بازنەیی بە دەوری شاری هەولێردا دەسووڕێتەوە. پانیی پڕۆژەکە دوو کیلۆمەتر و درێژییەکەی 83 کیلۆمەترە و لە هەشت زۆن پێکهاتووە. لە قۆناغی یەکەمی ئەم پڕۆژەیەدا، کە ڕووبەرەکەی 13 هەزار دۆنم دەبێت، تەنیا داری زەیتوون و فستق دەچێنرێن.
